وەزیری دەرەوەی کەنەدا: ناتۆ بەرگەی گوشارەکانی ترەمپ دەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، هاوپەیمانیی ناتۆ "خۆڕاگرە" و دەتوانێت بەرگەی ئەو رەخنانە بگرێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاراستەی دەکات. راشیگەیاند، ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی رۆژئاوا لە بەرامبەر رووسیا، لە هەموو کاتێک گرنگترە.
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، ئانیتا ئاناند، وەزیری دەرەوەی کەنەدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ناتۆ وەک هاوپەیمانێتییەکی بەرگری کە پابەندە بە ئاسایشی بەکۆمەڵ، قەت وەک ئەمڕۆ گرنگ نەبووە."
 
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە کاتێکدایە کە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئۆتاوا لەگەڵ برۆکسل، لە کاتێکدا سیاسەتەکانی ترەمپ سیستمی جیهانیی هەژاندووە.
 
حکومەتەکەی مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، کار دەکات بۆ زیادکردنی هائاهەنگی لەگەڵ "هێزە مامناوەندەکان" و یەکێتیی ئەورووپا. ئاناند لەو بارەیەوە گوتی، "یەکێتیی ئەورووپا لایەنێکی زۆر گرنگی کارەکانمانە بۆ هەمەجۆرکردنی بازرگانی. ئامانجمان ئەوەیە لە 10 ساڵی داهاتوودا قەبارەی بازرگانیی کەنەدا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی ئەمریکا بۆ دوو هێندە زیاد بکەین."
 
ئاناند ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان بەرەو "سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستمی بازرگانی" دەچێت، بۆیە کەنەدا دەیەوێت زنجیرەی دابینکردن و پەیوەندییە بازرگانییەکانی فراوانتر بکات.
 
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانەکانی، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری دا 5 هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە، وەزیری دەرەوەی کەنەدا گەشبینی خۆی نیشان دا و گوتی: "ناتۆ بەهیچ شێوەیەک لاواز نەبووە، بەڵکو هاوپەیمانێتییەکی خۆڕاگرە. ئاساییە ئەندامەکان رای جیاوازیان هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا پێکەوە دەمێنینەوە."
 
هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی ناوچەی جەمسەری باکوور کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی رووسیا و رایگەیاند، کەنەدا لەو ناوچەیەدا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت.
 
ئانیتا ئاناند کە هاوکات بەشداریی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی ئەو منداڵە ئۆکراینیانە کرد، کە لەلایەن رووسیاوە رفێنراون، ستایشی خۆڕاگریی سوپای ئۆکراینای کرد لە بەرەکانی جەنگدا.
 
سەبارەت بە دەسپێشخەرییەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئاناند گوتی: "سەرۆک زیلینکسی خۆی رایگەیاندووە مانەوەی ئەمریکا لەسەر مێزی گفتوگۆ پێویست و گرنگە. هەڵوێستی کەنەدا روونە؛ ئێمە پشتیوانی لە زیلینسکی دەکەین و هەرچییەک ئەو بە باشی بزانێت بۆ وڵاتەکەی، ئێمەش بە باشی دەزانین."