یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ سووریا کارا دەکاتەوە؛ چاویشی لە گەڕانەوەی کۆچبەرانە


رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی رێککەوتننامەی هاوکارییەکانی لەگەڵ سووریا کارا کردەوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ بووژاندنەوەی ئەو وڵاتە و خۆشکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ملیۆنان کۆچبەری سووری لە ئەورووپاوە بۆ نیشتمانی خۆیان دەبیندرێت.
 
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، لە کۆبوونەوەیەکدا لە برۆکسل، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رەزامەندییان نیشان دا لەسەر کاراکردنەوەی تەواوەتی رێککەوتننامەی هاوکاری لەگەڵ دیمەشق، ئەوەش پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا.
 
ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا، 18 مانگ دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دێت. لە راگەیێندراوێکدا، یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە "ئاماژەیەکی سیاسیی روونە بۆ پابەندیی ئەورووپا بە دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان و پشتگیریکردنی گەشەی ئابووریی سووریا."
 
بەشە بازرگانییەکانی ئەم رێککەوتنە لە ساڵی 2011وە، دوای سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان لەلایەن رژێمی پێشووەوە، هەڵپەسێردرابوون. لە دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریای راگەیاندووە کە ئەورووپا "هەموو توانایەکی خۆی" بۆ پشتگیری لە بووژاندنەوەی وڵاتەکە بەکاردێنێت.
 
هەنگاو بەرەو ئاوەدانکردنەوە
 
لەکاتی گەیشتنی بۆ برۆکسل، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد "هەنگاوی بوێرانە" بنێن و گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، هەبوونی ئیرادەیەکی سیاسییە بۆ تێپەڕین لە قۆناخی دوودڵی بەرەو بەشداریی تەواوەتی لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئێستا نزیکەی 13 ملیۆن سووری (کە دەکاتە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە) بۆ دابینکردنی بژێوی پشت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن. یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی داوە بڕی 620 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 730 ملیۆن دۆلار) وەک هاوکاری بۆ ساڵانی 2026-2027 پێشکێش بکات.
 
مەرجەکانی ئەورووپا بۆ وەبەرهێنان
 
قەبارەی بازرگانیی نێوان سووریا و ئەورووپا لە ساڵی 2010دا گەیشتبووە لووتکە و بڕی 7 ملیار یۆرۆی تێپەڕاندبوو، بەڵام لە ساڵی 2023دا هەناردەی سووریا بۆ وڵاتانی ئەورووپی بۆ تەنیا 103 ملیۆن یۆرۆ دابەزیبوو.
 
دوبراڤکا شویتسا، کۆمیساری یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنی ستراتیژیی گەورەتر هاوشێوەی ئەوانەی لەگەڵ میسر و لوبنان واژۆ کراون، بەستراوەتەوە بە ئەنجامدانی "چاکسازیی بنەڕەتی" لە سووریا. ئەورووپا داوای شەفافییەت لە ئابووری، سەروەریی یاسا، دادپەروەریی راگوزەری و بەشداریی پێکردنی هەموو لایەنەکان لە بڕیارە سیاسییەکاندا دەکات.
وەک هەنگاوی دەستپێک، یەکێتیی ئەورووپا بڕی 14 ملیۆن یۆرۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەیەکی گەورە لە پارێزگای حومس تەرخان کرد.
 
پرسی کۆچبەران؛ کەی دەگەڕێنەوە؟
 
سەقامگیریی سووریا بۆ ئەورووپا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا سوورییەکان پشکی شێرییان لە داواکارییەکانی مافی پەنابەری لەو کیشوەرەدا هەبووە.
 
لە ئەڵمانیا کە زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری سووری لێیە، فڕیدریش مێرتس، راوێژکاری وڵاتەکە، لەژێر گوشاری پارتە راستڕۆکاندا داوای سیاسەتێکی تووندتر بۆ پرسی کۆچبەران دەکات. مێرتس ێرز پێشتر رایگەیاندبوو کە ئومێدەوارە 80٪ی پەنابەرە سوورییەکان لە ماوەی سێ ساڵدا بگەڕێنەوە، هەرچەندە دواتر گوتی "ئەمە پێشنیازی خودی سەرۆکی سووریا بووە نەک ئەو."
 
سەبارەت بە شێوازی گەڕانەوەیان، دوبراڤکا شویتسا گوتی: "ئێمە گوشار لە کەس ناکەین بگەڕێتەوە. ئەگەر بارودۆخەکە ئارام بێت و گەڕانەوەکە ئارەزوومەندانە و بە شکۆمەندانە بێت، دەتوانن بگەڕێنەوە."
 
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "ئەگەر سوورییەکانی دەرەوە پێیان وابێت مەرجەکان لەبارن، ئەوا دەگەڕێنەوە. ئێمە نامانەوێت پرسی کۆچبەران ببێتە بارگرانی لەسەر شانی وڵاتانی ئەورووپی."