ترەمپ: پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز تەنیا بەشێکی بچووکی ئۆپەراسیۆنە گەورەکەمان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بیر لە دەستپێکردنی (پڕۆژەی ئازادی) دەکاتەوە. راشیگەیاند، هەر کردەوەیەکی سەربازی لە ناوچەکەدا، زۆر لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان گەورەتر دەبێت.
رۆژی دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئێران قسەی بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی کرد و گوتی، لە چوارچێوەی ستراتیژییە نوێیەکەیدا، رێنمایی و پاراستنی کەشتییەکان لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە لە ناو تەنگەی هورمز، تەنیا "بەشێکی بچووک" دەبێت لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زۆر گەورەتر.
سەبارەت بە ئاسۆی دانوستاندنەکان و داهاتووی گرژییەکان لەگەڵ تاران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "رژێمەکە (ئێران) خۆی بەدەستەوە دەدات."
رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، وەڵامی تاران بۆ پێشنیازەکەی واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ بە دڵی ئەو نییە و بە "تەواویی قبووڵنەکراو" ناویبرد.
ئەم هەڵوێستە تووندەی ترەمپ تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات، تاران لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە وەڵامێکی چەند لاپەڕەیی بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا نارد.
بەپێی زانیارییەکان، ئێران لە وەڵامەکەیدا داوای گەرەنتیی تووندی کردووە و چەندین مەرجی بۆ پاشەکشە لە دۆسیە ئەتۆمییەکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز داناوە، کە وا دیارە لەگەڵ هێڵە سوورەکانی واشنتندا یەکناگرنەوە.