وەزیری دەرەوەی سوێد بۆ رووداو: کاتێک لەگەڵ حکومەتی سووریا کۆدەبمەوە، باسی پاراستنی کەمینەکان دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە و پرسی سووریا و مافی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکەن. ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەڕێوەدەچێ.
 
رۆژی دووشەممە 11-05-2026 ماریا مالمەر ستێنێرگارد، لە وەڵامی پرسیارێکی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کاتێک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە، پرسی پاراستنی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە دەخاتە بەرباس. ستێنێرگارد بە زنار شینۆی گوت: "زۆریش گرنگە کە رێگەیەکی گشتگیرمان لەبەردەم بێت لە سووریا. پەنجەرەیەکی دەرفەتمان هەیە، بەڵام گرنگە بە ئاراستە راستەکە بڕوات."
 
هاوکات کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە وەڵامی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا پرسی خوێندن بە زمانی کوردی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی باس دەکەن یان نا، گوتی: "بەڵێ ئێمە باس لەم پرسانەش دەکەین، واتە پرسی کەمینەکان و مافی خوێندنیان بە زمانی دایک لە سووریا. بێگومان لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا باس لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین، بەڵام پرسی کوردیش تاوتوێ دەکرێ."
 
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا بەردەوامن. یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی ناو گفتوگۆکان، پرسی بەکارهێنانی زمانی کوردییە لە دامەزراوەکان و قوتابخانەکانی رۆژئاوای کوردستان.
 
لەم چوارچێوەیەدا، ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ سۆلین محەممەد ئەمین، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق، ئاماژەی بە مەرسوومی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتی کرد. بەپێی ئەم مەرسوومە، سووریا دان بە زمانی کوردیدا دەنێت وەک "زمانی نیشتمانی" لە وڵاتدا و رێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا بخوێندرێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کورد رێژەیەکی بەرچاویان تێدایە. هیلالی باسی لەوە کرد، ئەم خوێندنە لە چوارچێوەی "پرۆگرامی ئارەزوومەندانە یان وەک چالاکیی کولتووری و پەروەردەیی" دەبێت.
 
سەرەڕای ناساندنی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی، بەڵام دیمەشق هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی زمانی عەرەبی وەک "تاکە زمانی فەرمی" وڵات بمێنێتەوە. گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا دووپاتیکردەوە، زمانی عەرەبی "کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دەستوور و یاساکانە" و بەکارهێنانی لە دامەزراوە فەرمییەکان، کەرتی خوێندن و مامەڵە یاساییەکاندا "پابەندکەرە"؛ چونکە بە گوتەی ئەو، پاراستنی زمانی عەرەبی بەشێکە لە "سەروەریی دەوڵەت و سیستمی گشتی."
 
ئەم پێشهاتانە نیشانی دەدەن، هەرچەندە دیمەشق هەنگاوی بەرایی بۆ دانپێدانان بە زمانی کوردیدا ناوە، بەڵام هێشتا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان چەمکی "زمانی نیشتمانی" و "زمانی فەرمی"دا هەیە، کە یەکێتیی ئەورووپاش دەیەوێت لە رێگەی گوشارەکانییەوە مافی تەواوەتیی خوێندن بە زمانی دایک بۆ پێکهاتەکانی سووریا مسۆگەر بکات.