راپرسییەک: 25%ـی ئەمریکییەکان پێیانوایە هەوڵەکانی تیرۆرکردنی ترەمپ شانۆگەری بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەک، نزیکەی یەک لەسەر چواری ئەمریکییەکان بڕوایان وایە ئەو تەقەکردنەی مانگی نیسانی رابردوو لە کاتی نانی ئێوارەی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی کۆشکی سپی روویدا، "شانۆگەری" بووە.
بەپێی راپرسییەک کە رۆژی دووشەممە، 11-05-2026 بڵاوکرایەوە، دابەشبوونێکی تووند لە نێوان لایەنگرانی پارتە سیاسییەکاندا لەسەر ئەم بابەتە هەیە.
بەپێی راپرسیی دامەزراوەی نیوزگارد (NewsGuard) کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی متمانەی میدیاکان، نزیکەی یەک لەسەر سێی لایەنگرانی پارتی دیموکرات پێیانوایە رووداوەکە بە مەبەست رێکخراوە، لە کاتێکدا لە ناو لایەنگرانی پارتی کۆماریدا تەنیا یەک لە هەشت کەس هەمان بۆچوونیان هەیە.
راپرسییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گەنجانی تەمەن 18 بۆ 29 ساڵ زیاتر لە تەمەنە گەورەکان گومانیان لە راستیی رووداوەکە هەیە.
ئەم گومانانە لە کاتێکدا، هەفتەی رابردوو دەستەی باڵای سوێندخواردنی فیدراڵی لە واشنتن، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە (کۆڵ تۆماس ئاڵن)ـی بە چوار تاوان تۆمەتبار کرد، کە هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان تێدایە.
دوای رووداوەکەی هۆتێلی (واشنتن هیلتن)، لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بیردۆزی پیلانگێڕی بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەوە؛ تێیاندا بانگەشەی ئەوە دەکرێت، ئیدارەی ترەمپ خۆی رووداوەکەی دروستکردووە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیریی جەماوەری و رەوایەتیدان بەو هۆڵە گەورەیەی کە بڕیارە لە کۆشکی سپی دروستی بکات.
راپرسییەکە لە نێوان 28ـی نیسان بۆ 4ـی ئایار لەسەر هەزار کەس کراوە، دەری دەخات کە 24%ـی ئەمریکییەکان بڕوایان وایە رووداوەکەی هۆتێل هیلتن ساختە بووە، لە بەرامبەردا 45% پێیان وایە هەوڵێکی راستەقینە بووە و 32%ـی دیکەش گوتوویانە دڵنیا نین.
راپرسییەکە لەلایەن دامەزراوەی یوگۆڤ (YouGov)ـەوە کراوە، بەڵام لەلایەن (NewsGuard) بڵاوکراوەتەوە.
سۆفیا روبینسن، سەرنووسەر لە (NewsGuard) باسی لەوە کرد، ئەنجامەکان نیشانەی ئەو گومانە زۆرەن کە ئەمریکییەکان بەرامبەر بە حکومەت و میدیا هەیانە. روبینسن دەڵێ: "خەڵک لە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە بێمتمانەن بەرامبەر بە ئیدارەی ئێستا و میدیاکان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەن بڕوا بە زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکانی ئینتەرنێت بکەن."
لەلایەکی دیکەوە، دەیڤیس ئینگڵ، گوتەبێژی کۆشکی سپی تەواوی ئەم تیۆرییانەی رەتکردەوە و لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاند: "هەر کەسێک وابیربکاتەوە سەرۆک ترەمپ خۆی هەوڵی تیرۆرکردنی بۆ خۆی رێکخستووە، مرۆڤێکی گەمژەیە."
هەوڵەکانی ساڵی 2024
ئەم رووداوەی مانگی نیسان، دوای دوو هەوڵی دیکەی تیرۆرکردنی ترەمپ لە ساڵی 2024 دێت؛ یەکەمیان لە کاتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری بەتلەر لە پێنسیلڤانیا و دووەمیشیان لە یانەی گۆڵفی نێودەوڵەتیی ترەمپ لە فلۆریدا.
هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک بۆ پشتگیریی تیۆرییەکانی "شانۆگەری" نییە، بەڵام بەشێکی خەڵک هێشتا گومانیان هەیە:
لەبارەی هەوڵەکەی شاری بەتلەر، 24٪ـی بەشداربووان پێیانوایە شانۆگەری بووە (42%ـی دیموکراتەکان بەرامبەر 7%ـی کۆمارییەکان).
لەبارەی رووداوەکەی یانەی گۆڵف، 16٪ پێیانوایە شانۆگەری بووە (26%ـی دیموکراتەکان بەرامبەر 7%ـی کۆمارییەکان).
بە گشتی، 21%ـی دیموکراتەکان بڕوایان وایە هەر سێ رووداوەکە بە مەبەست رێکخراون.
جۆن دۆنۆڤان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی بۆستن ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گومانانە رەنگدانەوەی شێوازی سەرۆکایەتیی ترەمپن و گوتی: "تەواوی دەزگەکانی حکومەت گۆڕدراون بۆ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی واقیعی." هەروەها جارید هۆڵ، لێکۆڵەر لە گرووپی (Open Measures) باسی لەوە کرد، تیۆریی پیلانگێڕی بە رادەیەک جەستەی سیاسیی ئەمریکای گرتووەتەوە کە بووەتە "کاردانەوەیەکی کتوپڕ" بۆ بەشێکی زۆری خەڵک.