ترەمپ: ئاگربەستی ئێران تەنیا 1% هیوای ماوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی ئێران لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە و خەریکە دەمرێت. ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن پێشنیازێکی نوێی ئێرانی رەتکردەوە، تێیدا تاران داوای ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکای کردبوو.
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ بە تووڕەییەوە وەڵامی مەرجەکانی ئێرانی دایەوە و ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. ترەمپ وەڵامەکەی تارانی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد و جەختی کردەوە، ئەمریکا "سەرکەوتنی تەواوەتیی" بەسەر ئێران دا دەوێت.
سەبارەت بە چارەنووسی ئاگربەستەکە کە ماوەی مانگێکە جەنگەکەی راگرتووە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئاگربەستەکە لەژێر ئامێری چاودێریی چڕدایە، وەک ئەوەی پزیشکێک بێتە ژوورەوە و بڵێت ئازیزەکەت تەنیا 1% هیوای ژیانی ماوە."
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە بازاڕی وزەی جیهانی هەژاندووە. ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی رایگەیاند، "ئەم شۆکەی لە دابینکردنی وزەدا دروستبووە، گەورەترینە لە مێژووی جیهاندا." ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر تەنگەی هورمز ئەمڕۆش بکرێتەوە، تاوەکو ساڵی 2027 بازاڕ ئاسایی نابێتەوە.
هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی تووند دەدات. خۆرخی مۆریرا دا سیلڤا، بەرپرسی نووسینگەی خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNOPS) رایگەیاندووە لە چەند هەفتەی داهاتوودا چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە، رەنگە 45 ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا رووبەڕووی برسییەتی ببنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمیی ماددەی کیمیایی کشتوکاڵی کە لە بەندەرەکانی کەنداوەوە هەناردە دەکرێن.
مەرجەکانی ئێران و سووربوونی ئیسرائیل
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، داوایان کردووە ئەمریکا کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانیان بهێنێت و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان رابگیرێن. هەروەها تاران داوای گەڕاندنەوەی ئەو ملیاران دۆلارەی کردووە، کە ساڵانێکی زۆرە لە بانکە بیانییەکاندا بلۆککراون. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێمە داوای هیچ ئیمتیازێکمان نەکردووە، تەنیا داوای مافی رەوای خۆمان کردووە."
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگ کۆتایی نایەت تاوەکو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو نەبرێن. نەتەنیاهوو بە کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی گوت: "هێشتا جەنگ تەواو نەبووە، چونکە ماددەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران ماوە و دەبێت وێستگەکانی پیتاندن هەڵوەشێنرێنەوە."