هەنگاریا: ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، تەنیا هەنگاوێکی تەکنیکی ماوە

رووداو دیجیتاڵ 

سوێد هەنگاوێکی دیکە لە ئەندامبوون لە ناتۆدا نزیکدەبێتەوە؛ دوای ئەوەی تورکیا ئامادەیی دەربڕی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکات، هەنگاریاش دەڵێت، تەنیا "هەنگاوێکی تەکنیکیی" ماوە پەسندی بکەن. 
 
پیتەر زیجاریتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا رۆژی سێشەممە گوتی، پەسندکردنی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ لە لایەن وڵاتەکەیەوە، تەنیا هەنگاوێکی "تەکنیکی" ماوە. 
 
تورکیا رۆژی دووشەممە رازیبوو رێگە بە سوێد بدات ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەو شێوەیە دەرگای لە بەردەم هاوپەیمانەکانیدا کردەوە بۆ ئەوەی لە لووتکەی ئەمڕۆ و سبەیدا کە لە شاری ڤیڵینیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت، یەکگرتوویی پێشانبدەن.
 
هەنگاریا و تورکیا تەنیا ئەندامی ناتۆن کە تاوەکو ئێستا ئەندامبوونی سوێدیان لە هاوپەیمانییە سەربازییە ئەتڵەسییەکەدا پەسند نەکردووە. 
 

زیجاریتۆ لە پۆستێکی فەیسبووکدا دەڵێت: "تەواوبوونی پڕۆسەی پەسندکردنەکە ئێستا تەنیا پرسێکی تەکنیکییە."
 
رۆژی هەینی، پشووی هاوینەی پەرلەمانی هەنگاریا کۆتاییهات و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەتوانێت بۆ دەنگدان لەسەر بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، کۆبێتەوە. 
 
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رۆژی هەینیی رابردوو لە بوداپێست جەختی لە پشتیوانیکردنی داواکاریی سوێد کردەوە. 
 
ئۆربان گوتی: "ئێمە لەگەڵ [یانس ستۆڵتنبێرگ] سکرتێری گشتیی ناتۆ و تورکەکانیش لە پەیوەندیی بەردەوامداین. ئەگەر بینیمان پێویستە شتێک بکەین، ئەوا دەیکەین. هەنگاریا بە دڵەڕواکێ بەناوبانگ نییە، ئەگەر بمانەوێت بڕیارێک بدەین."
 
لەسەرەتا دژایەتیکردنی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە، ببووە تارماییەک بەسەر ئامادەکارییەکانی ئەم لووتکەیەی ناتۆ، بەڵام رۆژی دووشەممە، دوای یازدە کاژێر لە دانوستاندن لە ڤیڵنیوسی پایتەختی لیتوانیا، بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵ بوون. 
 
لە پاش پێشهاتەکانی پەراوێزی لووتکەی 37مینی ناتۆدا، تورکیا و سوێد راگەیێندراوێکی حەوت خاڵی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند، بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئەنقەرە، سوێد رازیبووە بەهیچ شێوەیەک پشتگیریی یەپەگە نەکات و سیاسەتەکانیشی بەرامبەر پەکەکە تووندتر بکات.
 
ئۆلف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، "دەبێت بڵێم کە زۆر دڵخۆشم بەوەی هەرسێکمان تەوقەمان کردووە؛ سەرۆککۆماری تورکیا، سکرتێری گشتیی ناتۆ و من، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، ئێمە هەنگاوێکی گەورە دەنێین بەرەو پەسندکردنی فەرمی بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ. بۆیە رۆژێکی خۆشە بۆ سوێد".