لووتکەی ئاڵپ لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت؛ سیاسەتێکی تووندتر دژی کۆچبەری دادەڕێژرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا بانگهێشتنامەی بۆ هاوتاکانی لە 6 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا ناردووە، کە بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی تووند لە دژی کۆچبەری ناسراون، بۆ بەستنی لووتکەیەک لەسەر داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ و تووندتر سەبارەت بە کۆچبەری. بڕیارە لووتکەکە رۆژی هەینیی داهاتوو لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
 
ئەلێکساندر دۆبریندت، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا، جگە لە وەزیرانی نێوخۆی فەرەنسا، پۆڵەند، نەمسا، دانیمارک و چیک، کەسایەتییەکی باڵای یەکێتیی ئەورووپاشی بانگهێشت کردووە، ئەویش ماگنووس بروون، کۆمیسیاری باڵای ئەورووپایە بۆ کاروباری نێوخۆ و کۆچبەری، کە بە هەمان شێوە لایەنگری سیاسەتێکی تووندی کۆچبەرییە.
 
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا، ئامانج لەم لووتکەیە پێشنیازکردنی "بیرۆکەی نوێیە بۆ هەبوونی سیاسەتێکی کۆچبەریی بەهێزتر و کۆنترۆڵکراوتر". یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان، تاوتوێکردنی میکانیزمی ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەیە کە داواکاریی مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، یان گواستنەوەیانە بۆ وڵاتێکی سێیەمی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا.
 
جێگەی سەرنجە، شوێنی بەستنی لووتکەکە لەسەر بەرزترین چیای زنجیرە کێوەکانی ئاڵپە لە دیوی ئەڵمانیا. زنجیرە کێوەکانی ئاڵپ بە درێژایی سنووری هەشت وڵاتی ئەورووپا درێژ دەبنەوە و بە یەکێک لە جوانترین ناوچە گەشتیارییەکانی نێوەڕاستی ئەورووپا دادەنرێن.