رووماڵی میدیاکانی جیهان بۆ رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە؛ "هیوای ئاشتی و پرسیاری داهاتوو"

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیا هەواڵییەکانی جیهان گرنگییەکی زۆریان بە رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلای (پەکەکە) لە سنووری پارێزگای سلێمـانی دا، وەک هەنگاوێکی "مێژوویی و سیمبوولی" ناویان برد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێکی چەکداریی دەیان ساڵە. زۆربەیان هاوڕان لەسەر گرنگیی رووداوەکە، بەڵام هەریەکەیان لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە رووماڵی دەکات و پرسیاری جیاواز ئاراستەی خوێنەران دەکات.
 
نیویۆرک تایمز: هەنگاوێک بەرەو ئاشتی
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی رێوڕەسمەکەی بە "یەکەم نیشانەی کۆنکریتیی چەکدانان" لە پڕۆسەی ئاشتیدا ناوبردووە و دەڵێ، دەتوانێت کۆتایی بە "جیدیترین هەڕەشەی ئەمنیی نێوخۆیی تورکیا" بهێنێت و سەرکەوتنێکی سیاسییش بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان بەدەستبێنێت.
 
دواتر نیویۆرک تایمز دەڵێت، "بەڵام روون نییە دواتر چی روودەدات" و ئاماژە بەوە دەکات، پڕۆسەی چارەسەری بە جۆرێک بەڕێوە دەچێ کە هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ئەو گەریلایانەی چەک دادەنێن، دیار نییە.
 
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا باسی "چەکدانان"ی پێکهاتە سەربازییەکانی پەکەکە دەکات، بەرپرسانی پەکەکە وەکو بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە جەخت لە "پێویستیی گەورە بۆ چاکسازیی یاسایی و هەموارکردنەوەی دەستووری" بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە دەکەنەوە.
 
هاوکات کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رێوڕەسمەکەی بە "هەنگاوێکی گەورەی سیمبوولی" ناوبردووە، کە وا دەردەکەوێت سەرەتای کۆتاییهاتنی شەڕەکە بێت.
 
بی بی سی: باشترین هیوای ئاشتی
 
تۆڕی بی بی سیی بەریتانی باس لە"سووتاندنی چەکەکان لەنێو مەنجەڵێکی گەورە" لە سنووری دووکان لە پارێزگای سلێمانی دەکات و رووداوەکەی بە "باشترین هیوای ئاشتی تاوەکو ئێستا" ناوبردووە. 
 
کەناڵە بەریتانییەکە باسی زنجیرەی رووداوەکانی کردووە کە بوونە هۆی ئەم رێوڕەسمە، کە لە پێشنیازە چاوەڕواننەکراوەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە تشرینی یەکەمی 2024 دەستی پێکرد. 
 
یەکێک لە خاڵە دیارەکانی راپۆرتەکەی بی بی سی ئاماژەدانە بە کراسەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی رۆژی چوارشەممەیدا و دەڵێت، "ئۆجەلان کراسێکی پۆلۆی مارکەی لاکۆستی لەبەردابوو. کراسەکە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و لە ماڵپەڕەکانی فرۆشتندا نەما."
 
رۆیتەرز: وردەکاریی رێوڕەسمەکە و گرنگیی فراوانتری لەسەر ئاستی ناوچەکە
 
ئاژانسی رۆیتەرز باسی لە وردەکاری رێوڕەسمەکە کردووە، لەوانە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنی گەریلا (نیوەی ئەو گەریلایانەی چەکیان دانا)، جۆری چەکەکان و ئامادەبوونی "بەرپرسانی هەواڵگریی تورکیا."
 
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەبێت، بەتایبەتی لە سووریا کە تێیدا ئەمریکا هاوپەیمانی هەسەدەیە و ئەنقەرە بەشێکی هەسەدە بە لقی پەکەکە دەزانێت.
 
رۆیتەرز باس لەوەش دەکات، بە گوتەی محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا، حکومەتی وڵاتەکەی نزیکەی 1.8 تریلیۆن دۆلاری لە پێنج دەیەی رابردوودا لە شەڕدا خەرج کردووە، ئەمەش وای کردووە پڕۆسەی ئاشتی وەک "دەستکەوتێکی ئابووری" سەیر بکرێت.
 
دۆیچە ڤێلە (DW): روونکردنەوەی دوولایەنەی شەڕەکە
 
ئاژانسە ئەڵمانییەکە بە شێوازێکی جیاواز و روونکەرەوە رووماڵی رووداوەکەی کردووە.
 
دۆیچە ڤێلە لەبری گێڕانەوەی رووداوەکە، لە رێگەی پرسیار و وەڵامەوە هەوڵی داوە پاشخانێکی تەواو بدات بە خوێنەری نێودەوڵەتی. بۆ نموونە، پرسیارەکانی وەک "پەکەکە چییە؟" و "بۆچی پەکەکە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە؟" بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی رەهەندە مێژوویی و سیاسییەکانی بابەتەکە.
 
یەکێک لە خاڵەکانی راپۆرتەکەی دۆیچە ڤێلە ئاماژەدانە بەوەی حکومەتەکانی تورکیا بە "وێرانکردنی گوند و شارۆچکە کوردنشییەکان و ناچارکردنی خەڵکی سڤیل بە ئاوارەبوون" لە هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە تۆمەتبار کراون.
 
دۆیچە ڤێلە باسی لە گۆڕانی ئامانجەکانی پەکەکەش کردووە، لە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە لە سەرەتادا بۆ داواکردنی خۆبەڕێوەبەری لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو و قۆناخی دواتر.