55 کەس بەهۆی ئاگرەکەی هاوای گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ویلایەتی هاوایی ئەمریکا دەڵێن، ئاگری دارستانەکانی دوورگەی ماوی لە ویلایەتەکە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، تائێستاش 55 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئابی 2023 جۆش گرین، حاکمی ویلایەتی هاوای رایگەیاند: "ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ بینیمان کارەساتە، لەوانەیە گەورەترین کارەساتی سرووشتی بێت لە مێژووی هاوای." ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئاگرەکە لە دارستانەکانەوە بەرەو ئاوایی تەشەنەی کردووە و جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی گەورەی مادیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەگوتەی بەرپرسانی دوورگەکە زیاتر لە 80٪ـی ناوچە گەشتیارییەکان سووتاون و نزیکەی هەزار و 700 باڵەخانەش بەهۆی ئاگرەکەوە وێران بوون. هەروەها زیاتر لە 11 هەزار دانیشتووی دوورگەکە بێ کارەبا بوون.
جۆن پێلێتێر، بەرپرسی پۆلیسی دوورگەی ماوی دەڵێت، تائێستا 55 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکیدا لە واشنتن رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی تیمی فریاگوزاری رەوانەی ویلایەتی هاوای دەکات و گوتیشی: "ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ بەپرسانی هاوای کاردەکەین و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین."
هەبوونی گەردەلوول و بایەکی بەهێز بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بەئاسانی تەشەنە بکات و نەتواندرێت بەخێرایی کۆنترۆڵ بکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای نیشتمانیی ئاگرکوژێنەوەی ئەمریکا، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 32 هەزار ئاگر لە تەواوی ئەمریکا کەوتوونەتەوە.