هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج؛ دەنگدانی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت و 7 کورد بەربژێرن

 
رووداو دیجیتاڵ

دەنگدانی پێشوەختەی پەرلەمانی نەرویج ئەمڕۆ دەستیپێکرد و 18 پارت کێبڕکێ لەسەر 169 کورسی دەکەن، لەنێو بەربژێرەکاندا 7 کورد هەن. 
 
رۆژی 8ی ئەیلوول، رۆژی سەرەکیی هەڵبژاردنەکەیە. لە ئەمڕۆوە دەنگدانی پێشوەختە دەستپێدەکات تاوەکو 5ی ئەیلوول. دەنگدانی پێشوەختە بۆ ئەو کەسانەیە کە بە هۆکاری کار یان بەرنامەیەکی دیکەی تایبەت بە خۆیان، زووتر دەنگ دەدەن، ئەمەش بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتییانە. 
 
پەرلەمانی نەرویج 169 کورسیی هەیە و 18 پارتی سیاسی لە 19 پارێزگای ئەو وڵاتە کێبڕکێ لەسەر کورسییەکان دەکەن. هەر پارتەی لە هەر پارێزگایەک دەتوانێ 30 بەربژێری هەبێت. 
 
7 بەربژێری کورد هەن کە بەم شێوەیە دابەشبوون
 
لە پارتی سوور: 
نیگار عینایەتی، پارێزگای ئاکەرشهوس 
سەحەر ئایدار، پارێزگای ئۆسلۆ 
نەویسا فەلەحزادە، پارێزگای هێدەرمارک 
ئەوین ساڵح، پارێزگای تێلەمارک 
 
.
.
 
پارتی سۆسیال چەپ 
بەرهەم ئازادی، پارێزگای ئۆستفۆڵد 
مانی حوسەینی، پارێزگای ئۆسلۆ
ئەیلوی دەمیرهان، پارێزگای ئۆسلۆ
 
 
نیگار عینایەتی بە رووداوی راگەیاند، "یەکێکم لە بەربژێرە کوردەکان لە لیستی پارتی سووری نەرویج بۆ هەڵبژاردنەکە."
 
بەربژێرە کوردەکە بە رووداوی گوت، هەوڵ بۆ "کاری هەمیشەیی بۆ هەمووان، ئابووری و داهاتێکی باشتر بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە دەکەم. سیاسەتی ئابووریی هەڵە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هەمووان هەبووە." گوتیشی، "لە بواری تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە، پێویستە خاوەن بەرنامەیەکی باشتر بین، بۆئەوەی ئەو کۆچبەرانەی دێنە ئەم وڵاتە بتوانن باشتر تێکەڵی کۆمەڵگە بن، بەشداری پرۆسە و بڕگەکانی ژیان بە شێوازی چالاک بکەن."
 
ئەو بەربژێرە ئاماژەی بەوەش کرد، کار لەسەر "بە فەرمی ناساندنی هێرشی سەر هەڵەبجە و شنگال و سەردەشت وەک کۆمەڵکوژی/جێنۆساید دەکەین. لە مژاری رۆژئاوادا بە فەرمی ناساندنی دەسەڵاتی رۆژئاوا وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر بەلامانەوە گرنگە."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "لە بابەتی ئێراندا نابێت تەنیا سەرنج لەسەر پرسی ئەتۆمی بێت، پێویستە مافی گەلانی ئەوێ بە فەرمی بناسێندرێ و گوشار لە ئێران بکەین بۆ لابردنی سزای سێدارە."
 
نەویسە فەلاحزادە خەڵکی مهابادی رۆژهەڵاتی کودستانە، ساڵی 2003 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و بەربژێرە لە پارتی سوور لە پارێزگای ئۆسلۆ. 
 
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، "پلان و ئامانجی من کارکردن بۆ کۆمەڵگەیەکە کە جیاوازییە کۆمەڵایەتیەکان کەم بکرێنەوە و چارەسەر بکرێن تێیدا. کاردەکەم بۆ دۆزینەوەی تواناکان و رەخساندنی دەرفەت لە بواری کار و خوێندن بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە."
 
فەلاحزادە ئاماژەی بەوەش کرد، "من و پارتەکەم زۆر پابەندین بە دادپەروەری، دیموکراسی و ئاشتی بۆ نەتەوەی کورد و گەلانی عێراق و سووریا و ئێران و تورکیا. لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوچەکە دەکەین و پشتگیری لە پرۆسەکانی ئاشتی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەین."
 
ئەو بەربژێرە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵ دەدەم هاوکار بم بۆ ناساندنی زیاتری پرسەکانی پەیوەندیدار بە کورد لەنێو حیزبەکەم، هەروەها بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەمی سەر کورد و پێکهاتەکانی دیکە."
 
نەویسا ئەندامێکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شارەوانییە لە قەزای هامار لە ئۆسلۆ.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، "کارم لەسەر سیاسەتی تەندرووستی، پاراستنی کەشوهەوا، سرووشت، دۆسیەی گەنجان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردووە؛ هەروەها چالاکانە بەشداریم لە هەڵمەتەکانی یەکسانیی جێندەری و هاودەنگی نێودەوڵەتی کردووە."
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی میدیای نەرویج، پارتی کار 29%ی دەنگەکان، پارتی پێشکەوتن کە پارتێکی راستڕۆی پارێزگارە 21%ی دەنگەکان و پارتی پارێزگاران 16%ی دەنگەکان دەبەنەوە. پارتی چەپی سۆسیال 7% و پارتی سوور 6%ی دەنگەکان دەبەنەوە. 
 
هەڵبژاردنی رابردوو، پارتی کار 48 کورسی، پارتی پارێزگاران 36 کورسی و پارتی ناوەند 28 کورسی پەرلەمانیان بردەوە. پارتی چەپی سۆسیالست 13 کورسی و پارتی سور 8 کورسیان بردەوە.