گووگڵ وەرگێڕانی دەنگیی شێوەزاری سۆرانی زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێشتر شێوەزاری سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ زیادکردبوو، رایدەگەیێنێت، کارکردن بۆ زیادکردنی شێوەزاری سۆرانیی بەشێوەی دەنگیی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ دەستپێکردووە. دەشڵێت، بۆ پڕۆسەکە پێویستییان بە زیاتر لە ملیۆنێک وشە و رستە و هەزار هاونیشتمانی هەیە بیخوێننە و زیاتر لە 700 کاژێر دەنگ تۆمار بکەن.
بۆکان جاف، کە دێڤەڵۆپەرێکی کوردە و یەکێک بووە لەو کەسانەی کاری بۆ زیادکردنی زمانی کوردی لە پلاتفۆرمەکانی گووگڵدا کردووە، رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی ساڵێک قۆناخی یەکەمی زیاترکردنی رستەی دەنگیی ئاخاوتنی شێوەزاری سۆرانیمان بۆ گووگڵ بەگشتی و بەتایبەت وەرگێڕانی کوردی دەستپێکردووە؛ سێ جار لەگەڵ بەرپرسانی گووگڵ گفتوگۆم کردووە و پڕۆسەکە بەردەوامە."
بۆکان جاف دەڵێت، "ئێستا کۆمپانیای گووگڵ سەرقاڵی دروستکردنی سۆفتوێرێکین کە شیاو بێت بۆ زیادکردنی بەشی دەنگیی بۆ شێوەزاری سۆرانی. قۆناخی دووەم کۆکردنەوەی وشە و رستەکانی کوردیی سۆرانی دەبێت، دواتر دەبێت وشە و رستەکان تۆمار بکرێن".
کۆمپانیای گووگڵ بە بۆکان جافیان گوتووە، بۆ زیاترکردنی وەرگێڕانی دەنگی سۆرانی، پێویستیان بە 700 بۆ 800 کاژێر دەنگی تۆمارکراوە. دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس گوتی، "بۆ قۆناخی تۆمارکردنی دەنگ پێویستمان بە زیاتر لە یەک ملیۆن و وشە و رستەی کوردییە".
جاف ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ خوێندنەوەی وشە و رستە کوردییەکان پێویستی بە زیاتر لە هەزار هاونیشتمانی خۆبەش دەبێت، دوای ئەوەش قۆناخەکانی کۆتایی بەڕێوەدەچن".
11ی ئایاری 2022، بۆکان جاف و چەند هاوڕێیەکی توانییان کوردیی شێوەزاری سۆرانیی بخەنە نێو خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵەوە.
بۆکان جاف، کە لە دایکبووی ساڵی 1991ـە و دانیشتووی هەڵەبجەیە، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە، لە ساڵی 2015ـەوە بووەتە ئەندامی کۆمەڵگەی گووگڵ و لە ساڵی 2019دا کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستانی دامەزراندووە.
بەگوێرەی کۆمپانیای گووگڵ نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی قسە دەکەن؛ کە جگە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک و چەند شوێنیکی دیکەی باشووری کوردستان، شێوەزاری سۆرانی لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش گفتوگۆی پێدەکرێت.