گەنجێکی کورد لە بەریتانیا بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

تەرمی گەنجێکی کورد لە باخێکی شاری میدلزبڕۆ لە بەریتانیا دۆزرایەوە، ئەو کەسەی لەگەڵیدابووە مامۆستایەکی ئاینییە و دەڵێت، شەش کەس هەڵیانکوتاوەتە سەریان لە باخێکی خۆیاندا و پرسیاری مادەی هۆشبەریان کردووە، گەنجەکەیان دەستگیرکردووە و دواتر هەڵیانواسیوە و مەلاکە خۆی رزگاری بووە. مامێکی کوژراوەکەش دەڵێ، بە گومانەوە لە دۆسیەکە دەڕوانن و چاوەڕێی پۆلیسن.
 
شکار نەجم حەمە، تەمەنی 26 ساڵە و نزیکەی چوار ساڵە شاری سلێمانیی جێهێشتووە و چووەتە بەریتانیا، دوێنێ، 10ـی ئەیلوول، تەرمەکەی لە ژووری یەکێک لە باخەکانی شاری میدلزبڕۆ دۆزرایەوە، کە باخی کەسێکی کوردە بەناوی یوسف.
 
سەلاحەدین عەبدولکەریم، گوتارخوێن و پێشنوێژ لە شاری میدلزبڕۆ، لەگەڵ شکار نەجم حەمە بووە و رووداوەکە لە باخی ئەودا روویداوە، بەڵام تەرمەکە لەباخێکی کوردێكی دیکەدا دۆزراوەتەوە، ئەو مامۆستا ئاینییە باس لە رووداوەکە دەکات و مامێکی قوربانییەکەش دەڵێت، چاوەڕێی یاسا دەکەن.
 
دوو چالاکڤانی کورد لە ئەورووپا کە بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکە کردووە، ئەمڕۆ پێجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "کێشەکە 9ـی ئەیلوول روویداوە، بەڵام تەرمەکە دوێنێ دۆزراوەتەوە، کۆی بابەتەکەش پەیوەندی بە مادەی هۆشبەر و باندەکانی هۆشبەرەوە هەیە".
 
بەگوتەی ئەو چالاکڤانانە کە یەکێکیان لە بەریتانیایە: "ئەوە جاری یەکەم نییە و کەسانی دیکە و لەنێویاندا کوردەکانیش، گەنجانی کورد دەکەنە قوربانیی باندەکانی مادەی هۆشبەر".
 

چالاکڤانەکان ئاماژە بەوەدەکەن، "گوماناوییە کە دەگوترێت شەش کەس پەلاماری دوو کەسیان داوە، دانەیەکیان هەڵواسیوە و ئەوی دیکە رزگاری بووە و کەسیش دەستگیر نەکراوە".
 
مامۆستا ئاینییەکە: چەقۆ لەسەر ملم بوو پۆلیس هات
 
مامۆستا سەلاحەدین عەبدولکەریم، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەیجێکی کوردیی بەناوی (هەواڵی رۆژانەی بەریتانیا) دەڵێت: "چوار ساڵ زیاترە شکار دەناسم، لە کۆتایی ساڵی 2023ـەوە لەگەڵ مندا ژیاوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کوڕێکی بە دین و بە ئەخلاق بوو هاوکاریم دەکرد".
 
لەکاتی رووداوەکەدا ئەو مامۆستا ئاینییە و شکار نەجم کە کوژراوە پێکەوە بوون. مەلا سەلاحەدین وردەکاری رووداوەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: "من هەنگەوانم و هەنگوین دەفرۆشم، هەفتەیەک دەبوو باخێکمان گرتبوو، کاک شکاریش جارجار کە کاری نەبوو لەگەڵمدا دەهات، ئەو رۆژە لە بەیانی زووەوە پێش من بە پایسکیل چووبووە باخەکەی من، من لە 02:00ـی نیوەۆڕۆ چوومە باخەکە بۆ لای، کەوتینە خاوێنکردنەوەی باخەکە و پێش تاریکبوونی ئێوارە ئاگرمان بەردایە ئەو پووش و دڕکانەی کۆمان کردبووەوە".
 
بەگوتەی ئەو مامۆستا ئاینییە، دوای ئەوەی بووە بە شەو، نزیک 11:00ـی شەو دوو کەس بە پایسکیلێک چوونەتە لایان و دوای سڵاوکردن گوتوویانە ئامادەن هاوکارییان بکەن، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە. گوتیشی: "کاتێک ویستمان بڕۆینەوە بەسەرماندا درا، کاتێکم زانی کاک شکار رایکرد و گوتی هاتن و راکە، شۆک بووم، کەسەکان جلیان رەش و ماسکیان هەبوو من ئەوانم نەدی، بۆیە دەموت خوایە کاک شکار بۆ هەڵات، دواتر کە مشاری کارەباییان هەڵکرد زانیم کە مرۆڤن چەقۆی گەورەشیان پێیە".
 

بەگوتەی ئەو مامۆستا ئاینییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چالاکە و ڤیدیۆی گوتاری ئاینیی بڵاو دەکاتەوە، کە زانیویەتی پەلاماردراون بە پێچەوانەی شکار هەڵاتووە. ئەو دەڵێت: "خۆم لە گژوگیایەکەدا شاردەوە و پەیوەندیم بە پۆلیسەوە کرد، نزیکەی نیو کاژێر لەگەڵیان لەسەر هێڵ بووم تاوەکو ناونیشانیان پێبدەم. پێش گەیشتنی پۆلیس کەسەکان هاتن و منیان گرت، کە شەش کەس بوون و سێ پایسکیلیان پێ بوو".
 
مەلا سەلاحەدین عەبدولکەریم لە بەردەوامیی گێڕانەوەکەیدا دەڵێت: "کەسەکان بە ئینگلیزییەکی باش قسەیان دەکرد و هەندێکیشیان لە ئەلبانی دەچوون، ئەشکەنجەیان دام، گوتم چیتان دەوێ؟ کوا هاوڕێکەم؟ گوتیان دەرمانەکە لەکوێیە؟ گوتم هەڵەن و من مامۆستای ئاینییم و کاری دەرمان ناکەم؛ لێرە نوێم و هاتووم ئەم باخە پاکبکەمەوە".
 
ئەو مامۆستا ئاینییە دەڵێت، لەبارەی شکارەوە پرسیاری لە شەش کەسەکە کردووە و ئەوانیش گوتوویانە، "کارمان بە ئێوەوە نییە، شوێنی دەرمانەکە [هۆشبەر]ـەکەمان پیشانبدە دەتبەینە لای ئەو، کە گوتم هیچ ئاگاداری دەرمان نیم چەقۆیان لەسەر ملم دانا، ئەوەبوو هاوشێوەی فیلمەکان لە کۆتاییدا پۆلیس هات و ئەوان هەڵاتن و منیان نەکوشت".
 
مەلا سەلاحەدین دەڵێت: "بە پۆلیسەکانم گوت بابچینە باخەکە با هاوڕێکەم نەکوژن، بەڵام ئەوان هەر پرسیاریان لەمن دەکرد، دواتر چووینە باخەکە و تاوەکو نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان بانگی شکارمان دەکرد سوودی نەبوو، ئەوەبوو ژمارەیەکی زۆر پۆلیس هاتن و گوتیان دەبێت تۆ بڕۆیتەوە و منیان بردەوە ماڵەوە".
 
ئەو مامۆستا ئاینییە کە بەهۆی کوژرانی شکارەوە دەڵێت جەرگی سووتاوە، لەبەردەوامیی قسەکانیدا گوتی: "لەماڵەوە نەخەوتم، نزیک کاژێر 10:00ـی بەیانیی پۆلیس هاتنەوە ماڵەکەم و هەندێک پرسیاریان کرد. دواتر من و هاوڕێیەکەم کە ناوی یوسفە و بە خۆشەویست ناسراوە چووینەوە لای باخەکە، نزیکەی حەوت ئۆتۆمبێڵی پۆلیسی لێ بوو، ئێمە و ئەوانیش زۆر گەڕاین شکارمان نەبینییەوە تاوەکو گەیشتینە لای باخەکەی کاک خۆشەویستی هاوڕێم، کە ئەویش لەوێ باخی هەیە، بینیمان باخەکەی قوفڵی دەرگاکەی پێوە نەماوە گوتمان رەنگە شکار لێرە خەوتبێ".
 
سەلاحەدین عەبدولکەریم باس لە چۆنێتی دۆزینەوەی شکار نەجم دەکات و دەڵێت: "دەرگای باخەکە قوفڵکەی پێوەنەبوو، من بەسەریدا بازمدا و چووم لە ژوورەوە کردمەوە، لە باخەکەدا ژوورێک هەبوو، چوینە ژوورەوە بینیمان لە نێوەڕاستی ژوورەکەدا شکار دەست و قاچی بەستراوەتەوە و هەڵواسراوە، دەستم لێدا، کە زانیم خنکاوە خێرا چوومە دەرەوە و پۆلیسەکانم بانگکرد".
 

ئەو مامۆستا ئاینییە کە تاکە شاهێدی رووداوەکەیە دەڵێت: "هیچ ئاسەوارێکی ئەشکەنجە و چەقۆ بە جەستەی شکارەوە نەبوو، تەنیا ئەوەنەبێ بەوشێوەیە هەڵواسرابوو تاوەکو گیانی لەدەستدابوو".
 
میدیای بەریتانیا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی باخەکانی ناوچەکە و شوێنی تاوانەکە رایگەیاندووە: "تیمێکی پسپۆڕی بەدواداچوونی تاوانکاری لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی گەڕانن، بەدوای بەڵگەیەکدا بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەس دەستگیر نەکراوە".
 
مامی شکار: لەسەرهێڵین بزانین بکوژ کێیە
 
هەر ئەمڕۆ هیوا حەمەغەریب، مامی شکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەس تۆمەتبار ناکەین و جارێ چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکەین، چونکە لە سنوورەکەدا کامێرای چاودێریی هەیە و پۆلیسی بەریتانیش بە وردی کار دەکەن".
 
لەبارەی قسەکانی مامۆستا ئاینییەکەوە هیوای مامی شکار گوتی: "مامۆستا گوتەی لێوەرگیراوە، هەندێک قسە دەکات کە دەڵێت گوایە شکار کوژراوە و ئەو رزگاری بووە و زۆری دیکە، ئێمە هیچی لەسەر ناڵێین و دۆسیەکە جێدەهێڵین بۆ یاسا".
 
تەرمی شکار نەجم حەمە ئێستا لە دادپزیشکیی میدلزبڕۆدایە لە بەریتانیا. هیوای مامی کە لە سوێد دەژی گوتی: "کاردەکەین بۆ گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان، شکار مافی مانەوەی نەبوو، دەیویست بگەڕێتەوە کوردستان، بەڵام بەداخەوە بەو شێوەیە گیانی لەدەستدا".
 
هیوا حەمەغەریب گوتی: "شکاری برازام زۆر بێدەنگ و سەلار و بێ کێشەبوو، لە کوردستان و ئەورووپاش قەت کێشەی نەبووە، هیچ کەسێک نەبووە رقی لێی بێ، بۆیە هەموومان بەو رووداوە لە شۆکداین".