هاونیشتمانییەکی کریستیانی هەولێر لە فەرەنسا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی کریستیانی تەمەن 46 ساڵی هەولێری، لە وڵاتی فەرەنسا بە چەقۆ کوژرا، بە گوتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خێزانەکەی، پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و بکوژەکە دەستگیر نەکراوە.
ئەو هاونیشتمانییە کریستیانە کاژێر یەکی بەیانیی 11ى ئەیلوولى 2025 بە کاتی هەولێر لە بەردەم ئەو شوقەیەی لێی دەژیا لە شاری لیۆنی فەڕەنسا کوژراوە.
کەسێکی نزیک لەو خێزانە کە لەبەر هەستیاری پرسەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە بە رووداوی گوت: "ئەو هاونیشتمانییە کریستیانە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە و لە بەردەم ئەو شوقەیەی لێی دەژیا لایڤی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک کردووە، ئەو کاتە کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و کوشتوویەتی."
ئەو هاونیشتمانییە کریستیانە خەڵکی شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێرە و ناوی ئاشوور حەنا-یە و لە ساڵی 1979 لەدایک بووە.
کەسی نزیکی ئەو خانەوادەیە ئاماژەی بەوەدا، ئاشوور حەنا لە ساڵی 2014وە چووەتە فەڕەنسا و لەگەڵ خوشکێکی لەو شارە دەژیا، ئێستا پۆلیس
دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بەڵام بکوژەکە دەستگیر نەکراوە.