وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی ئێزدییەکان ئەرکێکی گرنگی حکومەتی عێراقە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کوردانی ئێزدی تێیاندا نیشتەجێن، ''ئەرکێکی گرنگە'' بۆ حکومەتی عێراق و دەڵێت: ''ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە عێراق لە ئاستی داواکاریی قوربانییەکان نییە، بەڵام بەغدا لە چەند بوارێکی دیکەدا هەنگاوی گرنگی ناوە.'' 
 
رۆژی شەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤی کوردانی ئێزدی لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەڵمانیا ''لە نزیکەوە چاودێریی'' دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە دەکات.
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە عێراقدا کێشە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و دۆخی ژناندا هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە ئاستی داواکاریی قوربانییەکان نییە".
 
وەزارەتەکەی ئەڵمانیا جەخت لە پێویستیی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی دەکاتەوە و دەڵێت: ''بۆ حکومەتی عێراق ئەرکێکی گرنگە کە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رەسەنەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بکات و رێکارەکانی ئاوەدانکردنەوە بەردەوام پەرە پێبدات.''
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، کوردانی ئێزدی لە هەموو پێکهاتەکانی دیکە زیاتر ''قوربانیی'' داعش بوون؛ دەشڵێت: ''یاساکانی قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و کەمینەکان بڕیارێکی گرنگە کە بەغدا داویەتی.
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، هێشتا لە عێراق کێشە لە بوارەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ، دۆخی ژنان و ئازادیی رادەربڕین هەیە، بەڵام وڵاتەکە توانیویەتی سەقامگیری و دیموکراسیش پەرە پێبدات.
 
رووداو: حکومەتی ئەڵمانیا چۆن دۆخی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و ئێزدییەکان بەتایبەتی لە عێراق هەڵدەسەنگێنێت؟
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: حکومەتی فیدراڵی بە باشی چاودێری دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەکات. لە ساڵانی رابردوودا عێراق هەنگاوی گرنگی بۆ سەقامگیری و دیموکراسی ناوە، بەڵام هێشتا لە بواری مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان، دۆخی ژنان و ئازادیی رۆژنامەڤانی و رادەربڕین کێشە هەیە.
 
حکومەتی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی ئێزدییەکان رێکاری گرنگی دەستپێکردووە، لەوانەش یاسای قەرەبووکردنەوەی ئێزدی و کەمینەکانی دیکەی قوربانیی داعش (یاسای رزگاربووانی ئێزدی) کە لە ئایاری 2021 پەسندکرا، هەروەها بڕیارێک کە لە کانوونی یەکەمی 2022 لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند کرا کە رێگە بە ئێزدییەکان دەدات خانوو و زەوی، بە تایبەت لە شنگال، لەسەر ناوی خۆیان تۆماربکەن.
 
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، پێشکەوتنەکان لە ئاستی چاوەڕوانیی زۆرێک لە کەسوکاری قوربانییەکان نین. زۆرێک لە ئاوارەکان هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنە رەسەنەکانی خۆیان. بۆ حکومەتی عێراق ئەرکێکی گرنگە کە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رەسەنەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بکات و رێکارەکانی ئاوەدانکردنەوە بەردەوام پەرە پێبدات.
 
ئەڵمانیا ساڵانە بە پڕۆژەی جۆراوجۆر لەوێ بەشدارە و بە تایبەتی پشتگیریی ئێزدییەکان دەکات وەک گەورەترین زیانلێکەوتووی داعش. زۆربەی ئەو رێکارانە لە شنگالن.