سەرۆکی پێرۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە؛ سێ سەرۆک لە زینداندان
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی پێرۆ بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە دینا بۆلوارتێ، سەرۆکی وڵات وەرگرتەوە و لە پۆستەکەی دوورخستەوە، ئەوەش دوای ماوەیەک لە سەرۆکایەتیی پڕ لە قەیران هات.
دوای دەنگدانی پەرلەمانتاران، خۆزێ خێریی سەرۆکی پەرلەمان وەک سەرۆکی کاتیی وڵات سوێندی یاسایی خوارد و ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشووری پێسپێردرا تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو کە لە نیسانی 2026 ئەنجام دەدرێ.
دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی، خێری لە گوتارێکیدا بەڵێنی دا کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ نەهێشتنی تووندووتیژی تەرخان بکات، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە باندە رێکخراوەکانی تاوانەوە.
سەرۆکی نوێی پێرۆ رایگەیاند، "دووژمنی سەرەکیی ئێمە لە دەرەوەیە، لە شەقامەکانە. ئەوانە باند و گرووپە تاوانکارییەکانن...پێویستە ئێمە جەنگیان دژ رابگەیێنین."
لەکارلادانی بۆلوارتێ لە پێرۆ لە کاتێکدایە، لە 9 ساڵی رابردوودا ئەو وڵاتە 7 سەرۆکی هەبووە و سێ لەوانە لەلایەن کۆنگرێسەوە لەکارلادراون.
نووسینگەی داواکاری گشتیی وڵاتەکە داوای کردووە کە بۆلوارتێ رێگریی گەشتکردنی لێبکرێ، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەی فەرمیی لەگەڵ دەکرێت لەسەر تۆمەتەکانی سپیکردنەوەی پارە و خراپبەکارهێنانی پۆستەکەی.
ئابڕووچوون و ناڕەزایەتی
کۆنگرێس درەنگانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دەستی بە رێکارەکانی لێپرسینەوە و متمانە لێسەندنەوە کرد و توانی پشتیوانیی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بەدەستبهێنێت، لەنێویاندا ئەو پارتانەی کە پێشتر پاڵپشتیکاری حکومەتەکەی بۆلوارتێ بوون.
سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتاران داوایان لە بۆلوارتێ کردبوو کاژێر 11:30ی شەو لە کۆنگرێس ئامادە بێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو. چەند خولەکێک دواتر، پرۆسەی دەنگدانەکە بە 122 دەنگی بەڵێ بۆ لێسەندنەوەی متمانە کۆتایی هات.
بۆلوارتێی تەمەن 63 ساڵ، کە لە کانوونی دووەمی 2022 دوای لەکارلادانی پێدرۆ کاستیۆ بووە سەرۆک، بەردەوام تۆمەتەکانی گەندەڵی رەتکردووەتەوە. لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە دوای دەنگدانەکە بڵاویکردەوە، بەرگری لە دەستکەوتەکانی کرد و گوتی: "بیرم لە خۆم نەکردووەتەوە، بەڵکو بیرم لە زیاتر لە 34 ملیۆن هاووڵاتیی پیرۆیی کردووەتەوە."
سەرۆکایەتییەکەی بۆلوارتێ بە چەندین لێکۆڵینەوەدا تێپەڕی، دیارترینیان دۆسیەی "رۆلێکسگەیت"ە کە تێیدا تۆمەتبارکرا بە ئاشکرانەکردنی دیاریی گەوهەر و کاتژمێری گرانبەها؛ هەروەها لە مانگی تەممووزدا مووچەی خۆی بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد کرد.
بەهۆی لەدەستدانی پارێزبەندیی سەرۆکایەتی، چاوەڕوان دەکرێ بۆلوارتێ دادگایی بکرێ.
ئێستا دوو سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە، ئەلێخاندرۆ تۆلیدۆ و ئۆلانتا هومالا، لە زیندانێکی تایبەت بە سەرۆکانی پێشوو لە رۆژهەڵاتی لیما سزای گەندەڵی بەسەر دەبەن، هاوکات پێدرۆ کاستیۆش لە هەمان زیندان دەستبەسەرە و چاوەڕێی دادگاییکردنە.
لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان و لە شەقامەکانی پایتەخت، دەیان هاووڵاتی کۆبوونەوە و ئاهەنگیان بەبۆنەی دوورخستنەوەی بۆلوارتێ گێڕا، ئەوەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو ناڕەزایەتییە فراوانەی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەرۆکی گرتبوو.
گوشارەکان لەسەر بۆلوارتێ لە هەفتەکانی رابردوودا زیادیان کرد، کاتێک خۆپێشاندەرانی گەنج بەهۆی یاسایەکەوە چوونە سەر شەقامەکانی لیما. یاساکە گەنجان ناچار دەکات بەشداری لە سندووقی خانەنشینیی کەرتی تایبەتدا بکەن، ئەوەش سەرەڕای ناسەقامگیریی کار و بەرزیی رێژەی بێکاری کە بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 70٪ـە.
سیستمی خانەنشینی لە پیرۆ ماوەیەکی زۆرە جێگەی مشتومڕە و لە بنەڕەتدا لەسەر دوو رێگای سەرەکی دابەش بووە: سیستمی گشتی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت، لەگەڵ سیستمی تایبەت کە لەلایەن کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.