هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان سربیا و کۆسۆڤۆ؛ ناتۆ هەزاران سەربازی ئاشتیپارێز جێگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەمینەیەکی سربی لە باکووری کۆسۆڤۆ دوای ئەوەی پۆلیسێکی سربی بە تۆمەتی هەڵکوتانە سەر بنکەیەکی دەنگدان، لەلایەن حکومەتی کۆسۆڤۆوە دەستگیرکرا، خۆپێشاندان دەکەن؛ رێگەکەیان داخستووە بۆئەوەی رێگری لە گواستنەوەی پۆلیسە سربییەکە بەرەو بریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆ بکەن.
کۆسۆڤۆ لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە، بەڵام سربییەکان دەڵێن بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن. سەرەنجام، هەڵبژاردنەکە لە ناوچە سربینشینەکان دواخرا.
ڤیۆسا عوسمانی، سەرۆکی کۆسۆڤۆ رایگەیاند، "پێشنیازم کرد هەڵبژاردنی سەرۆکشارەوانییەکان لە چوار شارەوانی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوو شارەوانی دوابخرێت. تاوتوێی باشترین کاتمان کرد و لەسەر مانگی نیسانی 2023 رێککەوتین."
دەستگیرکردنی پۆلیسە سربییەکە کاردانەوەی تووندی بەرپرسانی وڵاتەکەی لێکەوتەوە. ئانا برنابیک، سەرۆکوەزیرانی سربیا رایگەیاند "زۆر نیگەرانم. دوێنێ شەو خەوم لێنەدەکەوت. سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ هەموو ئێمەی بە ئەلبانی و سربییەوە گەیاندووەتە لێواری جەنگ."
کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 تاکلایەنانە سەربەخۆیی خۆی لە سربیا راگەیاند. ژمارەی دانیشتووانی کۆسۆڤۆ 1.8 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیەش 92%ـیان ئەلبانین و 6%ـیان سربین کە ژمارەیان 120 هەزار کەس دەبێت و لە ناوچەکانی کاجانیک، جیلان و میترۆڤیکا نیشتەجێن.
کۆسۆڤۆ لەلایەن 99 وڵات، لەنێویاندا ئەمریکا، وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ دانی پێدانراوە؛ بەڵام رووسیا و چین کە پاڵپشتیی سربیا دەکەن رێگە نادەن کۆسۆڤۆ ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ناتۆ 3,770 سەربازی ئاشتیپارێزی لە کۆسۆڤۆ جێگیر کردووە بۆئەوەی رێگری لە پێکدادانی نێوان کۆسۆڤۆ و سربیا بکات، بەڵام سربیا پێیوایە بوونی هێزی ناتۆ بە تەنیا رێگری لە شەڕ ناکات.
پێتار پێتکۆڤیج، بەرپرسی سربی بۆ کاروباری کۆسۆڤۆ دەڵێت، "بێگومان، لەبەر ئەم هۆکارە، بەگوێرەی بڕیارنامەی 1244ی نەتەوە یەکگرتووەکان، بێلگراد بیر لە ناردنی هەزار ئەندامی هێزی ئەمنی بۆ نێو کۆسۆڤۆ دەکاتەوە."
لە مانگی حوزەیرانیشدا کۆسۆڤۆ رایگەیاند، کار بە تابلۆی ئۆتۆمبێل و ناسنامەی سربی ناکەن، بەڵام نزیکەی 50 هەزار کەس لە سربیا بڕیارەکەیان رەتکردەوە و بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.