پووتین پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لە بەرامبەر ئەمریکا دووپات دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوپەیمانە دێرینەکەی، پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە.
 
پەیوەندییەکە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، کە ئەمەش نوێترین پەرەسەندنە لە گرژییە کۆنەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.
 
رووسیا پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ ڤەنزوێلا پەرەپێداوە، مادورۆش لە سەرەتای ئەمساڵدا سەردانی مۆسکۆی کرد، لەوێ بەشداریی لە نمایشێکی سەربازیی ساڵانەدا کرد و رێککەوتنێکی هاوبەشیی بەرفراوانی لەگەڵ پووتین واژۆکرد.
 
کرێملین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی پێنجشەممەدا، "ڤلادیمیر پووتین هاوسۆزیی خۆی بۆ گەلی ڤەنزوێلا دەربڕیوە."
 
راگەیێندراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی رووسیا "پاڵپشتیی خۆی بۆ سیاسەتی حکومەتی مادوورۆ دووپات کردووەتەوە کە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و سەروەرییە لەبەرامبەر گوشاری دەرەکیدا."
 
هەروەها کاراکاس رایگەیاند، سەرکردەکان "دووپاتیان لەسەر سرووشتی ستراتیجی، پتەو و گەشەسەندووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان کردووەتەوە."
 
هەروەها پووتین "دووپاتیکردووەتەوە کە کەناڵەکانی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو نەتەوەدا بە شێوەیەکی هەمیشەیی کراوە دەمێننەوە و دڵنیایی داوە کە رووسیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ڤەنزوێلا لە خەباتیدا بۆ پاراستنی سەروەری، یاسای نێودەوڵەتی و ئاشتی لە سەرانسەری ئەمریکای لاتیندا."
 
رۆژی چوارشەممە، سوپای ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلادا گرت. سەربازەکان لە هێلیکۆپتەرێکەوە بە پەت دابەزینە سەر کەشتییەکە و بە چەکەوە چوونە نێوییەوە.
 
واشنتن سەرکردە چەپڕۆیەکەی ڤەنزوێلای بە سەرۆکایەتیکردنی باندێکی قاچاخچیی مادە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کردووە، بەڵام مادوورۆ ئەوە رەتدەکاتەوە. مادۆرۆ رایگەیاندووە، ئەمریکا هەوڵی گۆڕینی حکومەت و دەستگرتن بەسەر یەدەگە زەبەلاحەکانی نەوتی ڤەنزوێلادا دەدات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەشتیی جەنگیی لە مەودایەکی نزیکدا جێگیرکردووە کە بتوانن هێرشبکەنە سەر ڤەنزوێلا، و لانیکەم 87 کەس لە 22 هێرشدا بۆ سەر بەلەمەکان لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن و دەریای کاریبیدا کوژراون.