نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق: هیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر گرووپە چەکدارەکان رکابەرایەتیی دەوڵەت بکەن
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ عێراق هۆشداری دەداتە سەرکردە سیاسییەکان کە دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەنێوان "یەکڕیزی و پاشەکشە"دا یەکێکیان هەڵبژێرن، ئەوەش لەکاتێکدایە درێژەکێشانی دانوستاندنەکان مەترسیی قووڵبوونەوەی کێشە ئابوورییەکان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
مارک ساڤایا، دیپلۆماتی عێراقی-ئەمریکی کە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەستنیشانکراوە، رۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا هاوکات لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر داعش، داوای لە لایەنەکان کرد "سەروەریی دەوڵەت بخەنە پێش دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان".
ساڤایا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "23 ساڵ دوای رووخانی دیکتاتۆریەت، عێراق جارێکی دیکە لەبەردەم ساتێکی یەکلاکەرەوەدایە". هەروەها دەڵێت: "هیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر گرووپە چەکدارەکان رکابەرایەتیی دەوڵەت بکەن و دەسەڵاتەکەی لاواز بکەن".
ئەم لێدوانانەی سڤایا لەکاتێکدایە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکومەت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 11ـی تشرینی دووەم چەقیون. لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداری 56٪ بوو، کە بەراورد بە 41٪ لە ساڵی 2021 بە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو دادەنرێت، بەڵام هیچ لایەنێک زۆرینەی رههای بەدەستنەهێناوە.
بەپێی ئەنجامەکان کە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە پەسندکران، هاوپەیمانیی ئاوەدانی و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بەدەستهێنانی 46 کورسی لە کۆی 329 کورسی، بووەتە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆن.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هاوپەیمانییەکی پارتەکانی نزیک لە ئێرانە، خۆی وەک رابەری دانوستاندنەکان دەبینێت و دەتوانن سەرەڕای زۆریی کورسییەکانی سوودانی، پەراوێزی بخەن. پێشبینی دەکرێت مامەڵە سیاسییەکان بەپێی سیستمی پشکپشکێنە، چەندین مانگ بخایێنن، هاوشێوەی ئەو چەقبەستووییەی دوای هەڵبژاردنی 2021 کە ساڵێکی خایاند.
لەلایەکی دیکەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەنگاوی خێرای بۆ پاراستنی سەقامگیری کردووە، لەکاتێکدا لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان.
ساڤایا کە چالاکڤانێکی کلدانی بوو و ساڵی 2014 بە خۆپێشاندان دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کرستیان و پێکهاتەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا دەنگی هەڵبڕی، باس لە "پێشکەوتنی بەرچاو"ی عێراق دەکات لە ساڵانی رابردوودا، لەنێویاندا سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگ کە وایکردووە عێراق لە ململانێ هەرێمییەکانی وەک گرژییەکانی ئیسرائیل و ئێران بەدووربێت.
بەڵام نێردەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە ناکۆکی دەبێتە هۆی "خنکاندنی ئابووریی عێراق" و گۆشەگیری، جەختیشی کردەوە کە پاڵپشتیی ئەمریکا بەندە بە چاکسازی بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. ساڤایا دەڵێت: "ئەم دابەشبوونە پێگەی جیهانیی عێراقی لاواز کردووە" و بەڵێنیدا تیمەکەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق بکات بۆ بەهێزکردنی "عێراقێکی خاوەن سەروەری کە توانای دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێت".
لە پۆستەکانی مانگی تشرینی دووەمدا، ساڤایا سەرکۆنەی هێرشێکی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان کردبوو و دووپاتی کردبووەوە کە واشنتن چاوپۆشی لە "دەستوەردانی دەرەکی" لە عێراقدا ناکات.
داواکەی ساڤایا جەخت لە بەرژەوەندییەکانی واشنتن دەکاتەوە، بەوەی ملیاران دۆلار هاوکاریی ئەمریکا و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل بەندە بە دەوڵەتێکی "بێ میلیشیاوە". ساڤایا بە ئاماژەدان بە دروشمەکەی ترەمپ دەنووسێت: "هەڵبژاردنێکی یەکگرتوو و ژیرانە پەیامێکی روون بۆ ئەمریکا دەنێرێت".