سەرکردەى حووسییەکان: هێرشەکانى ئەمریکا بێ وەڵام نابن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرکردەى حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەى ئەوەى کرد کە وەڵامى بۆردوومانکردنى پێگەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە دەدەنەوە و"دوودڵ نابن لەهەر کارێک کە  پێیان بکرێت" و ئاماژەى بەوەشدا کە هەر لایەک بیەوێت بیانکاتە ئامانج مەترسی دەخاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانى.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 12ى كانوونى دووەمى 2024، عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەى حووسییەکان لە یەمەن لە تۆمارێکى ڤیدۆییدا لەبارەى بۆردوومانەکانى ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگەکانى ئەو گرووپە لە یەمەن، رایگەیاند کە هیچ هێرشێکى ئەمریکا بێ وەڵام نابێت و گوتى: "دوودڵ نابین لە هەر کارێک کە پێمان بکرێت."
 
نزیک کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، سوپاى ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ژمارەیەک وڵاتی دیکە چەند پێگەیەکى حووسییەکانیان لە چوار شارى یەمەن بۆردوومان کرد وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەى کە حوسییەکان دەیانکردە سەر کەشتیەکان لە نێو دەریاى سوور.
 
عەبدولمەلیک حووسی ئاماژەى بەوەدا کە وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو ھێرشانەى ئەمریکا بە ئاستى دوایین هێرشی حوسییەکان نابێت کە بەگوتەى ئەو زیاتر لە 24 درۆن و چەند مووشەکێک تێیدا بەکارهێنراوە و دەڵێت: "لەوە گەورەتر دەبێت".
 
سەرکردەى حووسییەکان لە یەمەن هەڕەشەى ئەوەى کرد کە هەر لایەک بیەوێت بیانکاتە ئامانج مەترسی دەخاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانى و داواشی لە وڵاتانى ئیسلامى و عەرەبی کرد کە بەشدار نەبن لەگەڵ ئەمریکا لە پاراستنى کەشتییەکانى ئیسرائیل.