پۆلیسی ئێرلەندا 14 کۆچبەری لە مردن رزگارکرد و لەنێویاندا دوو منداڵی کورد هەن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راگەیێندراوێکی پۆلیسی ئێرلەندا، 14 کۆچبەر لەنێو بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا لە نێو ئاوەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا رزگارکراون کە دوو منداڵی کوردیان تێدابووە لە کاتێکدا ئەو کۆچبەرانە لە پاریسەوە چوونەتە بەلجیکا و لەوێ خراونەتە نێو کەشتییەوە و بەرەو ئێرلەندا هاتوون.
لە بەرنامەی دیاسپۆرا کە هێمن عەبدوڵڵا شەوی هەینی، 12-01-2024 پێشکێشی کرد، چیرۆکی رزگارکردنی دوو منداڵی کورد کە هەردووکیان کچن و تەمەنیان لەنێوان شەش بۆ 12 ساڵاندایە باسکرا، بەپێی راگەیێندراوێکی پۆلیسی ئێرلەندا، خانمێکی کورد لەنێو کەشتییەکەوە پەیوەندی بە هێزەکانی پاراستنی دەریایی بەریتانیاوە کردووە و گوتوویەتی، "فریامان کەون خەریکە دەمرین."
رۆژی 08-01-2024 هێزی پاراستنی دەریایی بەریتانیا لە رووداوەکە ئاگادار دەکرێنەوە و دوای دەستنیشانکردنی شوێنی پەیوەندییەکە، دەردەکەوێت لە نێو کەشتییەکەوە ئەنجامدراوە کە نزیکبووەتەوە لە ئێرلەندا و ئەوان هێزی دەریایی ناوچەیە ئاگادار دەکەنەوە دەچنە شوێنی رووداوەکە.
بەپێی زانیارییەکان کە پۆلیسی ئێرلەندا بڵاویکردووەتەوە، کە 14 کۆچبەری نایاساییان رزگارکردووە لەنێو بەرهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا کە پلەی گەرمی لەژێر چوار پلەی سیلیزیدا بووە، بۆ ماوەی 24 کاژێر لەنێو بارهەڵگرەکەدا بوون، دواتر ناچاربوون بەرهەڵگرەکە کوون بکەن.
لەدوای دەرهێنانی کۆچبەرەکان لە بارهەڵگرەکەدا ئیمۆن ریان، وەزیری گواستنەوەی ئێرلەندا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە.
پۆلیسی ئێرلەندی دەڵێت، کۆچبەرەکان لە نزیک پاریس خراونەتە نێو کۆنتەینەرەکەوە و بە بارهەڵگر گواستراونەتەوە بۆ بەلجیکا. لەو وڵاتەوە سواری کەشتییەکەی ئێرلەندا کراون.