ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر حووسییەکان دەسەپێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی دارایی و دەرەوەی ئەمریکا دەڵێن، سزا بەسەر دوو کۆمپانیادا دەسەپێنن کە شمەکی ئێرانی و پاڵپشتیی داراییان بۆ حووسییەکانی یەمەن دابین کردووە و لە هێرشەکانیشیان بۆسەر کەشتییەکان لە دەریای سوور یارمەتییان دەدەن.
رۆژی هەینی، 12-1-2024، وەزارەتی دارایی ئەمریکا رایگەیاند، سزا بەسەر دوو کۆمپانیادا دەسەپێنن کە یەکێکیان هۆنگ کۆنگی و ئەوی دیکەشیان ئیماراتییە. سزاکە بە تۆمەتی دابینکردنی شمەک بۆ حووسییەکان دەسەپێندرێت.
ئەو وەزارەتەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، قازانجی فرۆشی ئەو شمەکانە بۆ پاڵپشتیکردنی حووسییەکان لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەبێت.
ئەم سزایەی ئەمریکا دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 12-1-2024 هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر ژمارەیەک بنکەی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری دارایی ئەمریکا بۆ کاروباری هەواڵگریی تیرۆر و دارایی گوتی، "ئەمریکا بەردەوامە لە هەنگاونان دژی تۆڕە داراییە نایاساییەکانی ئێران کە حووسییەکان پارەدار دەکەن و یارمەتیی هێرشەکانیان دەدەن".
نێڵسن ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی بەردەوامە لە گرتنەبەری رێوشوێنە بەرجەستەکان بۆ راگرتنی ئەو چالاکییانەی حووسییەکان کە دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردن و هەڕەشە بۆ سەر بازرگانیی جیهانی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو بڕیارەوە دەڵێت، "پاڵپشتییە داراییەکانی ئێران بۆ حووسییەکان ژمارەی هێرشە نەپچڕاوەکانی بۆ سەر بازرگانیی جیهانی زیادکردووە".
وەزارەتەکە دەڵێت، "ئەمریکا دوو کۆمپانیای دیکە دەخاتە لیستی سزاکان کە دەستیان هەبووە لە گواستنەوەی شمەکی ئێرانی بۆ پشتیوانیکردن لە سەعید جەمال و تۆڕەکەی،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ کەسایەتییەکی حووسی کە لە ئێران دەژیت و هاوئاهەنگیی دارایی لە نێوان گرووپە یەمەنییەکە و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەکات.
حووسییەکانی یەمەن، ئەو گرووپە چەکدارەی کە لە ساڵی 2014 دەستیان بەسەر یەمەندا گرت، ماوەی چەند هەفتەیەکە بە پاساوی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هێرش دەکەنە سەر چەند کەشتییەک لە دەریای سوور کە 15٪ـی بازرگانیی ئاویی نێوان ئەوروپا و ئاسیای پێدا تێپەڕدەبێت و دەڵێن، "هاوسۆزییە بۆ فەلەستین".