کۆریای باکوور: ئەمریکا بێشەرمانە گاڵتە بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە کۆریای باکوور سەرکۆنەی ئەو هەنگاوانەی ئەمریکای کرد کە بە "بێشەرمانە" وەسفی کردن و رایگەیاند، ئەو کارانەی واشنتن دەیانکات، پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لاواز دەکەن، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە "کارێکی تاوانکاریی قێزەون" تۆمەتبار کرد.
 
ئەمریکا داوای کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک لەبارەی پێشێلکردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە بکات.
 
لە راگەیێندراوێکدا، کە ئاژانسی هەواڵیی ناوەندیی کۆریا بڵاویکردووەتەوە، نێردەی پیۆنگیانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە تووندی رەخنەی لەو داواکارییەی ئەمریکا گرت.
 
نێردەکە دەڵێت، "لە بەرامبەردا، ئەوەی دەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیاری لێبکرێت و وەکو گرنگترین پرسی هەڵپەسێردراو بە کراوەیی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، کارە تاوانکارییە قێزەونەکانی ئەمریکایە."
 
پیۆنگیانگ دەڵێت، "ئەمریکا بە سووکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڕوانێت."
 
دیپلۆماتەکانی پیۆنگیانگ روونیان نەکردووەتەوە کە مەبەستیان چییە، بەڵام راگەیێندراوەکە تەنیا هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە دێت.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنە سیناریۆیەکی  کابووسئاسایە بۆ سەرکردایەتیی کۆریای باکوور، کە ماوەیەکی درێژە لەوە دەترسێت ئەمریکا هێرش بکاتە سەر سەرکردەکانی و لەکار لایانبدات.
 
نێردەی کۆریای باکوور دەڵێت، "نابێت هەرگیز رێگە بە نادانایی و خراپەکاریی واشنتن بدرێت لە بەکارهێنانی گۆڕەپانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تێرکردنی بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکانی خۆی."
 
هەروەها واشنتنی بە "کاری نایاسایی، بێشەرمانە و بێڕەوشتانە" تۆمەتبار کرد، کە "هەوڵ دەدات گۆڕەپانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مەبەستی تاکلایەنە و خۆپەرستانە بکاتە گاڵتەجاڕ."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئەمریکا لە ژمارەیەک رێکخراوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکشێتەوە کە گوایە "دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" کار دەکەن.
 
کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەیەوە لەژێر زنجیرەیەک سزای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.