ترەمپ هەڕەشە لە کوبا دەکات: رێککەوتن بکەن پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا داوا لە کوبا دەکات بە زوویی لەگەڵ واشنتن رێکبکەوێت، ئەگەرنا "هیچ پارە و نەوتێکی" دەستناکەوێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوپەیمانی سەرەکیی کوبا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا دەستگیر کرا.
 
دوای ئەم هەڕەشانە، میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی، "کەس ناتوانێت فەرمان بەسەر وڵاتەکەماندا بکات."
 
3ی ئەم مانگە، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی خێرادا نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەیان دەستگیر کرد. ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، کۆنترۆڵی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلای کردووە، بۆیە رێگە نادات نەوت بۆ کوبا بچێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "ئیدی نەوت و پارە بۆ کوبا نامێنێت، سفر! بە رژدی پێشنیازیان بۆ دەکەم رێککەوتن بکەن، پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت."
 
ترەمپ دەڵێت، کوبا ساڵانێکی زۆر لەسەر نەوت و پارەی ڤەنزوێلا دەژیا و لە بەرامبەردا پاسەوانیی بۆ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە دەکرد، بەڵام "ئەمە کۆتایی هات."
 
سەبارەت بەوەی مەبەستی لە "رێککەوتن" چییە؟ ترەمپ وردەکاریی زۆری نەدرکاند، تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت ئەو هاووڵاتییە ئەمریکی و کوبیانەی لە وڵاتەکەیان هەڵاتوون یان دەرکراون، مافەکانیان پارێزراو بێت.
 
"کوبا خەریکە دەڕووخێت"
 
هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاندبوو، "کوبا ئامادەیە بۆ رووخان"، چونکە دۆخی ئابوورییان زۆر خراپە و بێ نەوتی ڤەنزوێلا بەرگە ناگرن. هەروەها ترەمپ بە گاڵتەوە پۆستێکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بە رەچەڵەک کوبییە، دەکرێت ببێتە سەرۆکی کوبا، نووسیویشیەتی، "بەلامەوە بیرۆکەیەکی باشە!"
 
سەرۆکی کوبا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی ئازادە و ملکەچی فەرمانی کەس نابێت، خەڵکەکەی ئامادەن بەرگری لە نیشتمانەکەیان بکەن.
 
لە ساڵی 1962ەوە ئەمریکا گەمارۆی ئابووریی خستووەتە سەر کوبا، بۆیە ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی زۆر پشت بە ڤەنزوێلا دەبەستێت.
 
لە شەقامەکانی هاڤانای پایتەختی کوبا، بەشێک لە هاووڵاتییان گرنگی بە هەڕەشەکانی ترەمپ نادەن. ژنێکی تەمەن 65 ساڵ دەڵێت، "ترەمپ دەستی بە کوبا ناگات، دەیان ساڵە سەرۆکەکان تەنیا قسە دەکەن و هیچیان پێ ناکرێت."