مێتا داوا لە ئوسترالیا دەکات لە قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مێرمنداڵان پاشگەز ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە کۆمپانیای "مێتا" داوای لە ئوسترالیا کرد پێداچوونەوە بکات بە بڕیاری قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 16 ساڵە، ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، بەهۆی یاسا نوێیەکەوە زیاتر لە 544 هەزار هەژماری داخستووە.
لەوەتەی یاساکە لە 10ی کانوونی یەکەمی پارەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئوسترالیا تۆڕە گەورەکانی وەکو مێتا، تیکتۆک و یوتیوبی ناچار کردووە رێگە بە بەکارهێنەرانی خوار تەمەنی دیاریکراو نەدەن هەژماریان هەبێت. ئەگەر کۆمپانیاکان "هەنگاوی پێویست" نەنێن، رووبەڕووی سزای 49.5 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی (33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) دەبنەوە.
کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتییەکەی بۆ مارک زوکەربێرگ دەگەڕێتەوە، رایگەیاندووە، لە ماوەی یەک هەفتەدا تاوەکو 11ی کانوونی یەکەم، 331 هەزار هەژماری خوار تەمەنی یاسایی لە ئینستاگرام، 173 هەزار لە فەیسبووک و 40 هەزار هەژماری لە سرێدز سڕیوەتەوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت پابەندە بە جێبەجێکردنی یاساکە، بەڵام لە راگەیێندراوێکدا داوای لە حکومەتی ئوسترالیا کردووە، "بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە گفتوگۆ لەگەڵ کەرتی تەکنۆلۆجیا بکات بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی باشتر، لەبری قەدەخەی گشتگیر."
پێشنیاری مێتا چییە؟
مێتا داوا دەکات لەبری ئەوەی ئەرکەکە تەنیا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت، دەبێت ئەپفرۆشەکانی" (App stores) وەک ئەپڵ و گووگڵ ناچار بکرێن تەمەنی بەکارهێنەر بسەلمێنن و رەزامەندیی دایکان و باوکان وەربگرن پێش ئەوەی مێردمنداڵان بتوانن هەر بەرنامەیەک دابەزێنن.
کۆمپانیاکە دەڵێت ئەمە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی مێردمنداڵان لە تۆڕێکەوە کۆچ نەکەن بۆ تۆڕێکی دیکەی نوێ بۆ خۆدزینەوە لە بڕیارەکە.
وەڵامی حکومەت
حکومەتی ئوسترالیا سوورە لەسەر ئەوەی کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسن لەو زیانانەی بەر گەنجان دەکەون.
گوتەبێژێکی حکومەت رایگەیاند، "پلاتفۆرمەکانی وەک مێتا داتایەکی یەکجار زۆر لەسەر بەکارهێنەرانیان بۆ مەبەستی بازرگانی کۆدەکەنەوە. ئەوان دەتوانن و دەبێت ئەو زانیارییانە بەکاربهێنن بۆ پابەندبوون بە یاساکە و دڵنیابوون لەوەی کەسانی خوار 16 ساڵ لەسەر تۆڕەکانیان نین."
مێتا هۆشداریدەدات کە ئەم قەدەخەیە لەوانەیە ببێتە هۆی دابڕانی گەنجان لە کۆمەڵگەی ئینتەرنێت و پاڵیان پێوەبنێت رووبکەنە ئەپلیکەیشنە کەمتر چاودێریکراوەکان و "سووچە تاریکەکانی ئینتەرنێت."