مەلا کرێکار بۆ دادگاییکردنی دەنێردرێتە ئیتاڵیا
گرنگترین وێستگەکانی ژیانی مەلا کرێکار
مەلا کرێکار لە ساڵی 1956 لە سلێمانی لەدایکبووە. خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە. ماستەری لە خوێندنی ئیسلامی لە پاکستان وەرگرتووە. کەسێکی دیاری نێو رەوتە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستانە، ئەمیری پێشووی ئەنسارول ئیسلام بووە کە رەوتێکی سەلەفیی جیهادیی ئیسلامیی کوردی بوو. نووسەری چەندین کتێبە و وانەبێژ و بانگخوازێکی سەلەفی ـ جیهادییە.
ساڵی 1991 داوای پەنابەراێتیی لە نەرویج کردووە و ساڵێک دواتر داواکارییەکەی پەسندکرا. لەوکاتەی لە نەرویج بووە چەندین جار سەردانی باشووری کوردستانی کردووەتەوە، بەمەبەستی دامەزراندنی رەوتێکی ئیسلامیی سیاسی کە دواتر لە ساڵی 2001 ئەنسارول ئیسلامی دامەزراند.
ساڵی 2002 چالاکییەکانی لەنێو رای گشتی نەرویجیدا ئاشکرابوون. هەندێک لە سیاسەتڤانەکانی پارتی کۆنزێرڤاتیڤی نەرویجی داوای دیپۆرتکردنیان کرد بەهۆی ئەوەی "هۆکاری مەترسییە" لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان، لەوکاتەوە کێشە و ناکۆکی تووند لەنێوان مەلا کرێکار، حکومەت و پارتە سیاسییەکانی نەرویج سەریانهەڵدا.
ساڵی 2004 مەلا کرێکار لە نەرویج دەستگیرکرا، دوای شەش مانگ ئازادکرا. ساڵی 2006 ناوی لەگەڵ ئەنسارول ئیسلام کەوتە نێو لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ساڵی 2010 هەوڵی کوشتنی مەلا کرێکار درا لە نەرویج، ئەو کەسێکی دیکەی لەگەڵدابوو کە بەهۆی هەوڵەکە بریندابوو. هاوسەر و منداڵەکانی رەگەزنامەی نەرویجییان وەرگرتووە، بەڵام داواکەی مەلا کرێکار بۆ چەندین جار رەتکراوەتەوە.