جێگری سەرۆکوەزیرانی فیجی بۆ رووداو: ژیریی دەستکرد چەندین سوودی هەیە و خۆمان لەگەڵیدا دەگونجێنین

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی فیجی بە رووداوی رایگەیاند، ژیریی دەستکرد چەندین سوودی هەیە، دیارترین سوودەکانی لە وارەکانی پەروەردە و پزیشکیدان. دەشڵێت، هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ ژیریی دەستکرد دەدەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، مانۆوا کامیکامیکا، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیجی لە کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لەبارەی ژیریی دەستکردەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژیریی دەستکرد سوودی بۆ "پەروەردە و دیاریکردنی نەخۆشییەکان" هەیە. دەشڵێت، ژیریی دەستکرد "دەکرێت بۆ لێکدانەوەی داتاکان و دەستکەوتنی ئەنجامەکان بە شێوەیەکی خێراتر سوودی لێببیندرێت. پێموایە ئەو تەکنەلۆژیایە گۆڕانی جیهان خێراتر دەکات." 
 
ئەو بەرپرسە ئەوەشی گوت، "بۆ وڵاتە بچووکەکان لەوانە فیجی، دەتوانین کەمێک چاوەڕێ بکەین و ببینین شتەکان چۆن بەڕێوەدەچن، ئەوکات خۆمان هەوڵی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بدەین. یەکێک لە نموونەکان، پەسەندکردنی هەنگاوەکانی پڕۆسەیەکی دیاریکراوە. لەگەڵ ژیریی دەستکرد دەتوانیت پەسندکردنی پرۆسەیەک کە دوو بۆ پێنج رۆژی پێویستە بە کاژێرێک بۆ دوو کاژێر بیکەیت. ئەمە یەکێکە لە جوانییەکانی ژیریی دەستکرد. لەم رێگەیەوە سەرچاوەکان دەپارێزین و لە وارەکانی دیکەدا بەکاریان دەهێنین. ئەمە دەرفەتێکی زۆر باش و ناوازەیە بۆ وڵاتانی جیهان. شانازی بەوەوە دەکەم کە لێرەمە و لەگەڵ چەند وەزیرێکی حکومەتی ئیماڕات کۆبوومەتەوە و لە هەوڵی هاوئاهەنگیداین." 
 
لەبارەی لووتکەکەشەوە مانۆوا کامیکامیکا ئاماژەی بەوە کرد، "دەمەوێت بەناوی حکومەتی فیجییەوە سوپاسی حکومەتی ئیماراتی یەکگرتوو بکەم کە بانگهێشتیانکردین بۆ بەشداریکردن لەم لووتکەیەدا. ئەمە لووتکەیەکی زۆر باشە و پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە بەتایبەت لەبابەتی ئەوەی کە لەوانەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا چی رووبدات. بۆ وڵاتە بچووکەکانی وەکو ئێمە لە نێوەڕاستی زەریای ئارامدا، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ببینین کە چی لە جیهاندا روودەدات و ئامادەبین کە بەشێک لەو گۆڕانکاریانە دەگەنە فیجی، بەتایبەت ژیریی دەستکرد." 
 
لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی ئەم مانگە، لە دووبەی بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان بەڕێوەدەچێت.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی فیجی: 
 
رووداو: بۆچوونت چییە لەسەر ئەم لووتکەیە؟ ئەم لووتکەیە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ 
 
مانۆوا کامیکامیکا، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیجی: پێش هەموو شتێک، من لە فیجییەوە هاتووم و دەمەوێت بەناوی حکومەتی فیجییەوە سوپاسی حکومەتی ئیماراتی یەکگرتوو بکەم کە بانگهێشتیانکردین بۆ بەشداریکردن لەم لووتکەیەدا. ئەمە لووتکەیەکی زۆر باشە و پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە بەتایبەت لەبابەتی ئەوەی کە لەوانەیە چی لە چەند ساڵی داهاتوودا رووبدات. بۆ وڵاتە بچووکەکانی وەکو ئێمە لە نێوەڕاستی زەریای ئارامدا، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ببینین کە چی لە جیهاندا روودەدات و ئامادەبین کە بەشێک لەو گۆڕانکاریانە دەگەنە فیجی، بەتایبەت ژیریی دەستکرد.
 
رووداو: چۆن ژیریی دەستکرد بە بەکاربهێندرێت کە سوود بە مرۆڤایەتی بگەیێنێت؟ 
 
مانۆوا کامیکامیکا، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیجی: پەروەردە، دیاریکردنی نەخۆشییەکان و چەندین سوودی دیکەی هەیە. دەکرێت بۆ لێکدانەوەی داتاکان و دەستکەوتنی ئەنجامەکان بە شێوەیەکی خێراتر سوودی لێببیندرێت. پێموایە ئەو تەکنەلۆژیایە گۆڕانی جیهان خێراتر دەکات. بۆ وڵاتە بچووکەکان لەوانە فیجی، دەتوانین کەمێک چاوەڕێ بکەین و ببینین شتەکان چۆن بەڕێوەدەچن، ئەوکات خۆمان هەوڵی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بدەین. یەکێک لە نموونەکان، پەسەندکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەیەکی دیاریکراوە. لەگەڵ ژیریی دەستکرد دەتوانیت پەسەندکردنی پرۆسەیەک کە دوو بۆ پێنج رۆژی پێویستە بە کاژێرێک بۆ دوو کاژێر بیکەیت. ئەمە یەکێکە لە جوانیەکانی ژیریی دەستکرد. لەم رێگەیەوە سەرچاوەکان دەپارێزین و لە وارەکانی دیکەدا بەکاریان دەهێنین. ئەمە دەرفەتێکی زۆر باش و ناوازەیە بۆ وڵاتانی جیهان. شانازی بەوەوە دەکەم کە لێرەمە و لەگەڵ چەند وەزیرێکی حکومەتی ئیماڕات کۆبوومەتەوە و لە هەوڵی هاوئاهەنگیداین.