کریملین: پووتین لەگەڵ شەرع جەختی لە پاڵپشتیی رووسیا بۆ یەکگرتووی خاکی سووریا کردەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کریملین) بڵاویکردەوە، سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. دەشڵێت، سەرۆکی وڵاتەکەیان "پاڵپشتیی مۆسکۆی بۆ یەکگرتوویی خاکی سووریا دووپاتکردەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، کریملین بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. کریملین دەشڵێت، "ڤلادیمیر پووتین هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەحمەد شەرع خواست لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە جۆرێک کە لە سوودی گەلی سووریا بێت". 
 
کریملین لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، دوو سەرۆکەکە هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکانیان. هەروەها پووتین ئامادەیی رووسیای بۆ دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ سووریا دووپاتکردوەتەوە. 
 
رووسیا بە یەکێک لە دیارترین پاڵپشتیکارانی حکومەتی پێشووی سووریا دادەندرا. رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوکاتی سووریا حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریایان رووخاند و  ئەسەد و بەشێکی ماڵباتەکەی چوونە رووسیا.
 
یەکەمین پەیوەندیی فەرمیی رووسیا و دەسەڵاتی نوێی سووریا دوای ئەوە بوو کە رۆژی 28ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، شاندێکی مۆسکۆ سەردانی دیمەشقی کرد. بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هەردوولا ئامادەییان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان و هاوئاهەنگی نێوانیان پیشاندا. 
 
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دوبەی لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا و ئێران رایگەیاند: "پەیامی ئەرێنیمان بەدەست گەیشتووە لە رووسیا و ئێران، بەڵام دەبێت ئەم پەیامە ئەرێنییانە بگۆڕێن بۆ سیاسەتێکی روون. گەلی سووریا هەست بە دڵنیایی بکات و ئێمەش دوای دڵنیایی خەڵکی سووریا، دەست بەو پەیوەندییە دەکەین. پەیامی روون هەیە بە رێزگرتن لە ئیدارەی نوێی سووریا و سەروەری خەڵکی سووریا؛ بەڵام گەلی سووریا بریندارە و تاڵاوی زۆری چەشتووە لەسەر دەستی ئەم دوو دەوڵەتە. بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە چاک بکرێنەوە، پێویستە خەڵکی سووریا بە ئاسوودەی سەیری ئەو پەیوەندییانە بکات، نامانەوێت پەیوەندییەکی نوێ بەسەر خەڵکەکمان بسەپێنین، کە هەست بە ئاسوودەیی نەکات."
 
کانوونی یەکەمی پار، لەبارەی پەیوەندیی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا گوتی: "بەشێکی زۆری چەکەکانی سووریا رووسین و زۆرینەی وێستگەکانی وزەش لەلایەن پسپۆرە رووسەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، بۆیە نامانەوێت رووسیا سووریا جێبهێڵێت وەکو ئەوەی هەندێک دەیانەوێت".