رێبەر ئەحمەد لە واشنتن: هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکادایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لە پەیمانگەی (هەدسن) لە واشنتن رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی باوەڕپێکراوی ئەمریکایە و جەختی لەوە کردەوە، سەقامگیریی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی فیدراڵیزمێکی راستەقینە.
 
هەدسن: ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتدایە
 
لە سەرەتای دیدارەکەدا، جۆێل سکانڵن، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی هەدسن لەبارەی دۆخی ناوچەکە گوتی: "روژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەموو کاتێک زیاتر لەبەردەم نادڵنیاییدایە؛ لە ململانێی ئەمریکا و ئێران و دۆخی ناسکی سووریاوە، تاوەکو کێشەی تورکیا و پەکەکە و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا و هەولێر."
 
سکانڵن ئاماژەی بەوەش کرد، دەرفەتی مەزنیش هەن، وەک سەرنجی ئیدارەی ترەمپ لەسەر هاوبەشیی ئابووری، تێکشکانی هەندێک لە گرووپەکانی سەر بە ئێران و چوونی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بۆ ناوچەکە.
 
رێبەر ئەحمەد: داعش نیشانەی کێشەیەکی قووڵترە
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیرییەکانی ئەمریکای کرد و گوتی: "پەیوەندیی نێوان هەولێر و واشنتن لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکانی وەک دیموکراسی، ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیان بنیات نراوە."
 
سەبارەت بە جەنگی داعش، رێبەر ئەحمەد هۆشداری دا، تێکشکاندنی جوگرافیی داعش بەس نییە بۆ کوشتنی ئایدۆلۆژیاکەی و گوتی: "داعش نیشانەی کێشەیەکی گەورەترە کە لە ناوچە تائیفییەکان و شوێنە بێ خزمەتگوزارییەکاندا سەرهەڵدەدات. ئەزموونی 10 ساڵی رابردوو دەریخست کە هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ داهاتوویەکی باشتر پێویستە."
 
فیدراڵیزم و کێشەکانی بەغدا
 
رێبەر ئەحمەد بە راشکاوی باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند: "عێراقێکی بەهێز پێویستی بە فیدراڵیزمێکی راستەقینە و رێزگرتن لە دەستوور هەیە. فیدراڵیزم هەڕەشە نییە بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق، بەڵکو تاکە رێگەیە بۆ سەقامگیریی بەردەوام."
 
وەزیری ناوخۆ رەخنەی لە بیرکردنەوەی ناوەندی گرت و گوتی: "کۆنترۆڵی ناوەندی لە عێراق مێژوویەکی تاریکی هەیە کە بووەتە هۆی جینۆساید و کیمیاباران. ئێمە پێویستمان بە عەقڵییەتێکی فیدراڵی هەیە کە تێیدا داهات و دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت."
 
دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و گوتی:
 
دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ ملیۆنان کەس.
 
چارەسەرکردنی کێشەی ئاو کە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە.
 
بونیادنانی تۆڕێکی مۆدێرنی رێگەوبان و خێرا.
 
بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی شەفافیەت.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، رێبەر ئەحمەد پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و گوتی: "هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەربەخۆ لە رووی ئابوورییەوە، نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکاشدایە. ئێمە وەک هاوپەیمانێکی دڵسۆز دەمێنینەوە."