پەرلەمانتارێکی ئەورووپا بۆ ئەحمەد شەرع: ئەوەی دەیبینین تەنیا کۆمەڵکوژی و پەراوێزخستنە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا رەخنەی تووند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق دەکات و رایدەگەیێنێت، سەرەڕای کۆتاییهاتنی شەڕ، حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع نەیتوانیوە بەڵێنەکانی بۆ سووریایەکی گشتگیر جێبەجێ بکات و ئاشتی بەدی بهێنێت.
 
کاترین لانگنسایپن، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە هاوپەیمانی ئەورووپای ئازاد، لە گوتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەورووپا، رووی دەمی کردە بەرپرسانی دیمەشق و گوتی: "نازانم ئایا سەرۆکی دیمەشق گوێی لێیە یان نا، بەڵام دەمەوێت پێی بڵێم؛ رەنگە شەڕێکت بردبێتەوە، بەڵام ئاشتیت بەدەست نەهێناوە."
 
ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لە ئەدای یەک ساڵی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع گرت و گوتی: "ساڵێکە لە دەسەڵاتدایت، ئیدی بە هەڵبژاردن بێت یان بێ هەڵبژاردن گرنگ نییە، تۆ باسی سووریایەکی گشتگیرت کرد، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا کۆمەڵکوژی، برسییەتی و پەراوێزخستنە."
 
لانگنسایپن ئاماژەی بەوەش کرد، پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا لەژێر مەترسییەکی بەردەوامدان و گوتی: "درووزەکان، عەلەوییەکان و ئێستاش بەتایبەتی کوردەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیانیان بەرکەوتووە."
 
سەبارەت بە هاوکارییە داراییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا، ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری لە چارەنووسی ئەو پارانە کرد و گوتی: "ئێمە گەورەترین بەخشەرین، پێویستە کۆمیسیار بۆمان روون بکاتەوە کە ئەو پارانە بۆ کوێ دەچن؟"
 
ئەم گوتانەی لانگنسایپن لە کاتێکدان، رۆژی 9ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتییەکە سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە. لەو سەردانەدا بەڵێنی پێدانی 722 ملیۆن دۆلار هاوکارییان بە سووریا دا، ئەوەش نیگەرانیی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە و هۆشداری لە پێدانی هاوکاریی بێ مەرج دەدەن.
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، کاترین لانگنسایپن جەختی لە مافی چارەی خۆنووسین و پاراستنی مافەکانی ژنان کردەوە و گوتی: "مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی مافێکی سەرەکییە. دەبێت پارێزگاری لە ژنان بکرێت و مافەکانیان پارێزراو بێت، چونکە بەبێ ئەوە ئەم دۆخە نالەبارە بەردەوام دەبێت. بەڕێز شەرع، دووبارەی دەکەمەوە، تۆ جەنگەکەت بردەوە، بەڵام ئاشتیت نەبردەوە."