مۆسکۆ وەتسئەپی بلۆک کرد و ئەپڵیکەیشنی"ماکس" جێگەی دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی رووسیا بە فەرمی ئەپڵیکەیشنی وەتسئەپی لە سەرتاسەری وڵاتەکەیدا بلۆک کرد، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ تووندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی ژینگەی دیجیتاڵی و ناچارکردنی بەکارهێنەران بۆ بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنێکی نێوخۆیی بە ناوی "ماکس".
ئەم بڕیارە زیاتر لە 100 ملیۆن بەکارهێنەری لەو وڵاتەدا لە پەیوەندی دابڕیوە و مەترسییەکانی دابڕانی دیجیتاڵیی رووسیای لە جیهان زیاتر کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، دەزگای چاودێریی پەیوەندییەکانی رووسیا (رۆسکۆم نادزۆر) رایگەیاند، واتسئەپ بەهۆی پابەندنەبوونی بە یاساکانی وڵاتەکەیان بلۆککراوە.
وێڕای بلۆککردنی ئەم پلاتفۆرمە، مۆسکۆ هەوڵدەدات ئەپڵیکەیشنی "ماکس" وەک "سوپەر ئەپ"ـێکی نیشتمانی جێگیر بکات کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی پەیام ناردن، بانکی و مامەڵە حکومییەکان لەخۆدەگرێت.
کۆمپانیای میتا، کە خاوەنی وەتسئەپە جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تاوەکو بەکارهێنەرانیان پەیوەندییەکانیان نەپچڕێ، بەڵام مۆسکۆ رێگرییە تەکنیکییەکانی زیاتر کردووە.
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئەمە پەیوەندی بە جێبەجێکردنی یاساکانەوە هەیە؛ ئەگەر کۆمپانیای میتا ئامادە بێت بۆ دیالۆگ و جێبەجێکردنی یاساکانی رووسیا، دەکرێت بگەینە رێککەوتن، بەڵام بەبێ ئەوە هیچ هەلێک بۆ گەڕانەوەی وەتسئەپ نییە."
ئەم ئەپڵیکەیشنە نوێیە کە لەلایەن کۆمپانیای VKـی سەر بە حکومەتی رووسیاوە پەرەی پێدراوە، مۆدێلێکی هاوشێوەی "وی چات"ـی چینییە. پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەرى تەلەگرام یەکێکە لە پەرەپێدەرانى کە دواتر بەهۆى کێشەکانى لەگەڵ حکومەتى رووسیا لە ساڵی 2014 پشکەکانیی فرۆشت و رووسیای بەجێهێشت.
ئێستا ئەپەکە بەتەواوەتی موڵکی حکومەتی رووسیایە.
حکومەتی رووسیا هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایلی ناچار کردووە کە دەبێت پێشوەختە ئەم ئەپڵیکەیشنە لەسەر هەموو ئامێرەکان جێگیر بکەن، کە ئەمەش نیگەرانیی لای چالاکڤانانی مافی مرۆڤ دروست کردووە دەربارەی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان.
ئەم هەنگاوە تەنیا وەتسئەپی نەگرتووەتەوە، بەڵکو دەزگای "رۆسکۆم نادزۆر" لەم هەفتەیەدا رێکاری تووندی دژی تێلێگرامیش گرتووەتە بەر و لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووشدا خزمەتگوزاریی "FaceTime"ـی کۆمپانیای ئەپڵی بلۆک کرد.
تاران و مۆسکۆ لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنی "ئینتەرنێتی نیشتمانی"، تاوەکو بتوانن بەتەواوی کۆنتڕۆڵی لێشاوی زانیارییەکان بکەن و رێگری لە پڕوپاگەندەی دەرەکی بگرن.
پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و کۆمپانیا تەکنەلۆژییە بیانییەکان لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە، تەقەی تێکەوتووە، رووسیا لەو کاتەوە فەیسبووک و ئینستاگرامی بە "رێکخراوی تووندڕەو" ناساند و قەدەخەی کردن.