لە بەریتانیا سەرژمێری دەکرێت و کوردانی وڵاتەکەش دەڵێن، وەکو کورد خۆیان تۆماردەکەن

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە بەریتانیا و وەیڵز سەرژمێری بۆ ژمارەی دانیشتووان، بنەچە، رەگەز و ئایین بکرێت. زانیارییەکانی سەرژمێرییەکە بە مەبەستی هاوکاریکردنی پلاندانان و گرنگیدان بە زمانێک لە واری خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دەبێت، ئەوەش بەپێی ژمارەی نیشتەجێبوونیان لە وڵاتەکەدا.
 
سەرژمێرییەکە لە یەکەم رۆژی نەورۆز و 21ـی ئاداری 2021 دەکرێت، شێوازی بەشداریکردن تێیدا دوو جۆرە، جۆرێکیان لەڕێگەی ئۆنلاین و ئەوەی دیکەشیان لەڕێگەی کاخەزەوەیە.

بەشدارینەکردن لە سەرژمێرییەکە وەکو سەرپێچیی یاسایی تۆماردەکرێت و رەنگە کەسەکە تاوەکو هەزار پاوەند سزابدرێت، هەروەها پێدانی زانیاریی هەڵەش وەکو سەرپێچی ئەژمار دەکرێت.
 
بەختیار مام شێخ، ئەندامی شارەوانی شاهانەی کنزنگتن و چێڵسی لەبارەی پڕکردنەوەی فۆرمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پڕکردنەوەی فۆرمەکە بە ئۆنلاین نزیکەی 10 خولەک دەخایێنێت، ئەگەریش کەسێک تاوەکو 21ـی ئادار بە ئۆنلاین فۆرمەکە پڕ نەکاتەوە، ئەو کات بە کاخەزێک فۆرمەکەی پێدەگات.
 
لە دوایین سەرژمێریی بەریتانیا کە لە ساڵی 2011 کرا، ژمارەی کوردانی ئەو وڵاتە نزیکەی 50 هەزار کەس بوون، کە نیوەیان لە لەندەن نیشتەجێ بوون، هەرچەندە ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە کە ناوی کورد وەکو نەتەوەیەک لە سەرژمێرییەکەی بەریتانیا دادەنرێت، بەهۆی نەبوونی بژارەی "نەتەوەی کورد" لە لیستی سەرژمێرییەکانی پێشوودا، بەشێکی هاونیشتمانیان وەکو تورک، فارس یان عەرەب ناوی خۆیان تۆمارکردووە.

نەزانینی زمان یەکێکە لەو کێشانەی کە رووبەڕووی کۆچبەران دەبێتەوە، بەشێک لە وڵاتەکان لەڕێگەی دابینکردنی وەرگێڕ لە فەرمانگەکان ئەو کێشەیە چارەسەردەکەن و، دابینکردنی وەرگێڕیش لە بەریتانیا و وەیڵز پشت بە ژمارەی کۆچبەران لەو دوو وڵاتە دەبەستێت، بەمەش تاوەکو ژمارەی هاونیشتمانیان زۆرتربێت، لە فەرمانگەکان زیاتر بایەخ بە زمانی کوردی دەدرێت.
 
یەكێکی دیکە لە سوودەکانی خۆتۆمارکردن وەکو کوردزمان ئەوەیە کە بازاڕە گەورەکانی وەکو تێسکۆ و ساینسبەر لە بەریتانیا زیاتر شتومەک و کاڵای پەیوەندیدار بە نەریتی کوردی هاوردە دەکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ کوردزمانان دەڕەخسێنرێت لەو بازاڕانەدا.

لەڕووی سیاسیشەوە کاریگەریی لەسەر بۆچوونی حیزبەکانی ئەو وڵاتە دەبێت، چونکە ئەگەر دەرکەوێت ژمارەی کوردان لە بەریتانیا زۆرن، ئەوا ئەگەری هەیە بۆ راکێشانی دەنگی کورد حیزبەکان لە هەڵبژاردندا بەربژێری کورد لە لیستەکانیان تۆماربکەن.

پێش وادەی سەرژمێرییەکە نامەیەکی تایبەت دەنێردرێتە هەموو ماڵ و شووقەکانی ئەو وڵاتە، لەسەر نامەکە کۆدێک نووسراوە کە لە 16 هێما پێکهاتووە، ئەو کۆدە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکان بەشێوەی ئۆنلاین و لەسەر کاخەز پێویست دەبێت. سەرژمێریی ئۆنلاین لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەستی پێکردووە و  سەرژمێری سەر کاخەزیش لە 21ـی ئادار دەکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەختیار مام شێخ ئاماژەی بەوە دا: "ژمارەیەکی کوردانی نیشتەجێبووی بەریتانیامان بەوردی لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان 200 تاوەکو 300 هەزار کورد لە بەریتانیا هەن کە بەلای کەمەوە 100 هەزاریان کوردی باشووری کوردستانن".
 
بەشێکی بەرچاوی هاونیشتمانیانی نیشتەجێی بەریتانیا بڕیاریانداوە ناوی خۆیان وەکو کورد لە سەرژمێرییەکە تۆماربکەن و، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆوە هانی هاونیشتمانیانی دیکە دەدەن کە بەشداری لە سەرژمێرییەکە بکەن و دەڵێن "بەڵێ، لە سەرژمێرییەکەی بەریتانیا کە لە نەورۆزی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت، ناوی خۆم وەکو کورد و کوردزمان تۆماردەکەم".