فەرەنسا پێشوازی لە رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق دەکەن و لە پاڵپشتیکردنی ئەو هێزە بەردەوام دەبن.
 
درەنگانی شەوی سێشەممە 11ی ئاداری 2023 ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کرد.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "پێشوازیم لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق کرد کە پێویستە گەرەنتیی مافەکان، ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان و بەردەوامیی شەڕ دژی داعش بکات". دەشڵێت، ئەوان وەکو پاڵپشتیکاری کوردەکان دەمێننەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە سیاسییە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانمان بەشداریمان تێدا کرد، هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانە لە رێگەی دانوستانەوە، کە یەکگرتوویی سووریا، بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و زامنکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی لەخۆدەگرێت."
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرەنسا لە هەوڵەکانی بۆ ئاسانکاریی دیالۆگ لەنێوان حکومەتی کاتیی سووریا و هاوبەشە کوردەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام دەبێت، هەروەک چۆن لە سەرەتای قۆناخی گواستنەوەوە هەوڵی بۆ داوە." جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەیان پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیی ئاشتییانە لە سووریا دووپات دەکاتەوە، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، سەقامگیر و خاوەن سەروەری.
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
 
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە، "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.