وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە هەولێر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وێڕای سەرکۆنەکردنی تووندی هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە هەولێر، دڵنیایی دا کە سەربازانی وڵاتەکەی پارێزراون.
 
رۆژی پێنجشەممە 12-03-2026 ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە پۆستێکدا رایگەیاند: "سەرکۆنەی تووندی ئەو هێرشە دەکەم کە کرایە سەر بنکەی ئیتاڵیا لە هەولێر. کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق قسەم کرد." 
 
تایانی ئاماژەی بەوەش کرد، خۆشبەختانە هەموو کارمەندە سەربازییەکانیان باشن و لە ناو پەناگەکاندا پارێزراون. وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا هاوسۆزی و سوپاسگوزاریی وڵاتەکەی بۆ ئەو سەربازانە دەربڕی کە "خزمەتی نیشتمان دەکەن."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەمشەو 12-03-2026 درۆنێکی هێرشبەر لە ئاسمانی هەولێر بەرپەرچدراوەتەوە و تێکشکێندراوە. پارچە پاشماوەکانی درۆنەکە لە نزیک هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا کەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان بە پەرژینی هۆڵەکە گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. 
 
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کەوتنەخوارەوەی پارچەکان بۆ سەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکەن و رایگەیاند، ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا جێگیربوون.
 
لەگەڵ ئەم هێرشانە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی زۆر جیدیی ئاراستەی هاووڵاتییانی کرد. باڵیۆزخانەکە رایگەیاند، "ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی نزیک لەو وڵاتە رەنگە پلانیان هەبێت بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی نەوت و وزەی خاوەن ئەمریکی لە عێراق."
 
واشنتن هۆشداریی داوە کە تەنانەت ئەو هۆتێلانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمریکییەکانیان لێ دەمێننەوە، مەترسیی هێرشیان لەسەرە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوە لەو ناوچانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە، مەترسیی رفاندن و هێرشی تیرۆریستیی لێ دەکرێت.
 
ئەم ئاڵۆزییانەی هەولێر و عێراق بەشێکن لەو جەنگە بەرفراوانەی لە 28ی شوباتەوە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەستیپێکردووە. لە دەستپێکی جەنگەکەوە، کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چەندین جار کراوەتە ئامانج.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا واشنتن لانی کەم 40,000 هاووڵاتیی خۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی. باڵیۆزخانەی ئەمریکا جارێکی دیکە داوای لە هاووڵاتییانی کردووە کە لەرێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتانی ئوردن، کوێت، سعودیە و تورکیا بچن و عێراق جێبهێڵن.