ترەمپ دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت "قازانج"ـە بۆ ئەمریکا بەڵام رووبەڕووبوونەوەی ئێران "گرنگترە"
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، وڵاتەکەی بە جیاوازییەکی زۆر گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە رەشەکەش سوودی ئابووریی بۆ واشنتن هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو، رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، رۆژی پێنجشەممە نووسی: "ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، بۆیە کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، ئێمە پارەیەکی زۆر بەدەستدەهێنین. بەڵام ئەوەی بۆ من وەک سەرۆک زۆر گرنگترە، وەستاندنی ئیمپراتۆریەتی شەڕەنگێزانەی ئێرانە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و وێرانکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت جیهانیش. هەرگیز رێگە نادەم ئەوە رووبدات!"
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
ئەم قسانە لە کاتێکدان، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران و پەککەوتنی تەنگەی هورمز، نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاندووە.
تەنگەی هورمز رێڕۆیەکی ستراتیجییە و نزیکەی 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ، کە پێشتر ترەمپ هۆشداریدابوو ئەگەر تاران دایبخات، رووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
بەپێی داتاکانی دەزگای زانیاریی وزەی ئەمریکا و دامەزراوە جیهانییەکان، ئەمریکا لە ساڵی 2026دا هێشتا لە پێشەنگی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدایە.
بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەمریکا لەنێوان 13.7 ملیۆن بۆ زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیلدایە، بەمەش زۆر لە پێش سعودیەیە و رووسیایە کە رۆژانە 10 بۆ 11 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنن.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ دەڵێ، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت قازانج بە ئەمریکا دەگەیەنێت، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا هێشتا لە هەندێک بواردا هاوردەکاری نەوتە و بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین لە نێوخۆی ئەمریکا دەبێت.