سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی بنکە سەربازییەکەمان لە هەولێر دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێ، "لە نزیکەوە" چاودێریی دۆخی بنکەیەکی سەربازی وڵاتەکەی لە هەولێر دەکات، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بە درۆن هێرشی کرایە سەر.
میلۆنی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، بەدواداچوونی ورد بۆ پێشهاتەکان دەکات و لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزیرەکانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتەکەی.
میلۆنی نووسیویەتی: "بە ناوی حکومەت و بە ناوی خۆمەوە، هاوسۆزی بۆ هێزەکانمان دەردەبڕم کە لە هێرشەکەدا سەلامەت بوون. ئیتاڵیا شانازی بەو ئازایەتی و پیشەییبوونەوە دەکات کە هەموو رۆژێک لەپێناو ئاشتی و ئاسایشدا لە چەندین ناوچەی قەیراناوی نیشانی دەدەن."
بەرپرسانی ئیتاڵیا رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، هێرشەکە زیانی مادی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هێزەکانیان سەلامەتن.
گیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رایگەیاند، فەرماندەی بنکەکە پێی راگەیاندووە کە هیچ بریندارێک لەنێو هێزەکانی ئیتاڵیادا نییە، ئەوەش دوای ئەوەی دەوروبەری کاژێر 8:30 خولەکی شەوی چوارشەممە بە کاتی ناوخۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و سەربازەکان چوونە پەناگە.
کرۆسێتۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "درۆنێک هێرشی کردە سەر بنکەکەمان لە هەولێر. خۆشبەختانە هەموو سەربازەکانمان لەنێو پەناگەکاندا سەلامەت و پارێزراون. هاوسۆزی و سوپاسگوزاریی خۆم بۆیان دەردەبڕم لەپای خزمەتی رۆژانەیان بۆ نیشتمان."
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا هێرشەکەی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد و سەرکۆنە کرد؛ گوتیشی، دەستبەجێ سەرۆکوەزیران ئاگادارکراوەتەوە.
تایانی لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێ بۆ دیاریکردنی لایەنی بەرپرسیار و جۆری تەقەمەنییەکە، کە سەرەتا لەلایەن هەندێک سەرچاوەوە وەک مووشەک باسکرا بەر لەوەی روون ببێتەوە درۆن بووە.
ئیتاڵیا نزیکەی 300 سەربازی لە باشووری کوردستان هەیە، کە ئەرکی سەرەکییان مەشقپێکردنی پێشمەرگەیە، وەک بەشێک لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادبوون، ئەوەش دوای ئەوەی لە 28ی مانگی رابردوودا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی هێزە پاشکۆکانی ئێران لە عێراق و لوبنانیش بچنە نێو جەنگەکەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە رۆژانی رابردوودا چەندین هێرشی درۆنییان لە ئاسمانی هەولێر بەرپەرچ داوەتەوە.
بەرپرسانی ئیتاڵیا چەندین جار رایانگەیاندووە، رۆما بەشداری لە هێرشەکانی دژی ئێراندا ناکات و تیشکی خستووەتە سەر هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی کارمەندان و هاووڵاتییەکانی لە ناوچەکەدا.