فەرماندەی سوپای ئۆگاندا هەڕەشە لە تورکیا دەکات: 1 ملیار دۆلار و جوانترین ژنی تورکم دەوێ
رووداو دیجیتاڵ
موهوزی کاینێروگابا، فەرماندەی گشتیی سوپای ئۆگاندا و کوڕی یۆوێری موسێڤێنی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لەرێگەی زنجیرەیەک پۆست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تورکیا کرد و چەند داواکارییەکی سەیر و سەمەرەی خستە روو.
کاینێروگابا، کە وەک جێگرەوەی باوکی بۆ سەرۆکایەتیی ئۆگاندا تەماشا دەکرێت، لە پۆستەکانیدا داوای کردووە دەبێت تورکیا بڕی 1 ملیار دۆلار بداتە وڵاتەکەی. جگە لە پارەکە، فەرماندەکە مەرجێکی دیکەشی داناوە و نووسیویەتی: "جگە لەو ملیار دۆلارە، من جوانترین ژنی ئەو وڵاتەم دەوێت وەک هاوژین."
فەرماندەی سوپای ئۆگاندا ئاماژەی بەوە کردووە، نایەوێت ململانێ لەگەڵ تورکیا دروست بکات، بەڵام هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە تورکیا هیچ دەرفەتێکی مانەوەی نابێت لە بەرامبەر سوپاکەی ئەو. کاینێروگابا گوتی: "سوپای ئێمە ئیلهامی لە عیسای مەسیح و محەممەد عەلی (یاریزانی بۆکسێن) وەرگرتووە."
لە یەکێکی دیکە لە پۆستەکانیدا، کاینێروگابا بە "مامە" ناوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای هێناوە و رایگەیاندووە، "دوای ساڵێکی دیکە لە ئیستەنبووڵ وەک پاڵەوان پێشوازیم لێ دەکرێت و سڵاو لە مامم سەرۆک ئەردۆغان دەکەم."
ئەم لێدوانانەی فەرماندەی سوپای ئۆگاندا کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی تورکیا و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا لێکەوتەوە. دوای دروستبوونی ئەو هەڵا میدیاییە و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، موهوزی کاینێروگابا گەڕایەوە و هەموو ئەو پۆستانەی کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەبوو لە هەژمارەکەی رەشکردەوە، بە بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک لە سەر هۆکاری نووسین یان سڕینەوەیان بدات.
ئەمە یەکەمجار نییە کوڕەکەی سەرۆکی ئۆگاندا بەم جۆرە پۆستانە کێشەی دیپلۆماسی بۆ وڵاتەکەی دروست دەکات؛ پێشتریش هەڕەشەی داگیرکردنی شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیای کردبوو، کە وایکرد باوکی بە فەرمی داوای لێبوردن لە حکومەتی کینیا بکات.
جارێکی دیکەش لە 2022 داوای کردبوو جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا شووی پێبکات و لەبەرامبەردا 100 مانگا بە ئیتاڵیا دەدات. ئەوکات فەرماندەکە هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر میلۆنی داواکەی رەت بکاتەوە، رۆما داگیر دەکات.