پیتەر ماگیار کێیە؟ ئەو پیاوەی کۆتایی بە هەژموونی ڤیکتۆر ئۆربان هێنا

رووداو دیجیتاڵ
 
پیتەر ماگیار، ئەو ناوەی ئێستا لە هەنگاریا و ئەورووپا بووەتە باسی گەرم، توانی لە هەڵبژاردنەکاندا گورزێکی کەمەرشکێن لە ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بوەشێنێت. ماگیار لە رێگەی تووڕەیی خەڵک بەرامبەر بە گەندەڵی و سستیی گەشەی ئابووری، توانی هاوکێشەی سیاسی وڵاتەکەی بگۆڕێت.
 
لە نێو دڵی فێدێسەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن
 
پیتەر ماگیاری تەمەن 45 ساڵ، پارێزەرە و ئێستا ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپایە، بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ ئەندامێکی نەناسراوی پارتی "فیدێس"ـی دەسەڵاتدار بوو بە سەرۆکایەتی ئۆربان، ئەو وەکو دیپلۆماتکار لە بروکسل و بەرپرسی باڵا لە فەرمانگە حکومییەکانی هەنگاریا کاری کردووە، ماگیار تاوەکو ساڵی 2023، هاوژینی جودیت ڤارگا، یەکێک لە ژنە هەرە دیارەکانی پارتی فیدێس بوو.
 
وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی سیاسی ماگیاردا لە ساڵی 2024 روویدا؛ کاتێک لە ئۆربان جیا بووەوە. ئابڕووچوونەکە پەیوەندی بە لێخۆشبوون بۆ کەسێک هەبوو تۆمەتبار بوو بە شاردنەوەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە خانەیەکی بێسەرپەرشتان. دوای ئەوە ماگیار پارتی "تیزا"ـی دامەزراند و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا 30٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراو
 
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ڕۆژی یەکشەممە 12-4-2026، پارتەکەی ماگیار ئەنجامێکی سەرسووڕهێنەری بەدەستهێنا. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، پارتی تیزا لە رێگەی بەدەستهێنانی 137 کورسیی زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان بەدەستهێنا.
 
بەڵێنەکان و ستراتیژیی ماگیار
 
کەمپەینی ماگیار زیاتر لەسەر پرسی گەندەڵی، بەتایبەت بەهەدەردانی ملیارەها یۆرۆی هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و خراپیی گەشەی ئابووری هەنگاریا چڕ ببووەوە، ئەو بەڵێنی داوە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا چاک بکاتەوە، کە بەهۆی سیاسەتەکانی ئۆربانەوە بودجە گەشەپێدانی بۆ هەنگاریا راگرتبوو.
 
ماگیار تیشکی سەرنجی خستە ژیانی خەڵک و داڕووخانی کەرتی تەندروستی، بەڵام بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ پرسە هەستیارەکانی وەک مافی هاوڕەگەزخوازان (LGBTQ) کرد و بێدەنگی هەڵبژارد، سەبارەت بە جەنگی ئۆکرایناش، هەرچەندە رەخنەی لە نزیکایەتی ئۆربان و رووسیا گرت، بەڵام خۆی لە قسەکردنی ڕاستەوخۆ لەسەر جەنگەکە بەدوور گرت.
 
ماگیار چی جیاواز بوو؟
 
پیتەر ماگیار یەکەم کەس نەبوو لە بەرەی راستڕەوەوە ڕکابەریی ئۆربان بکات. لە ساڵی 2022، پیتەر مارکی-زای هەوڵێکی هاوشێوەی دا، بەڵام شکستی هێنا. لەو کاتەدا ئۆربان لە رێگەی میدیاکانییەوە مارکی-زای وەک "شەڕخوازێک" وێنا کرد کە دەیەوێت هەنگارییەکان بنێرێت بۆ شەڕی رووسیا لە ئۆکراینا. بەڵام ماگیار توانی ئەو دیوارە میدیاییەی ئۆربان تێکبشکێنێت و متمانەی زۆرینەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت.