ڤانس: نەگەیشتینە رێککەوتن؛ باشترین و دوایین پێشنیازمان خستووەتە بەردەم ئێران
رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئێران لە ئیسلام ئاباد شکستیان هێناوە لە گەیشتن بە رێککەوتن. ڤانس باسی لەوە کرد، پاکستان جێدەهێڵێت، بەڵام "باشترین و کۆتا پێشنیاز"یان خستووەتە بەردەم تاران.
لێدوانەکانی ڤانس ئاماژەن بۆ ئەوەی هێشتا کات دەداتە ئێران بۆ بیرکردنەوە لە پێشنیازەکەی ئەمریکا. واشنتن رۆژی سێشەممە رایگەیاندبوو، بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رادەگرن بۆ ئەوەی دەرفەت بە دیپلۆماسی بدەن.
دوای چەندین کاژێر لە دانوستاندنی تێروتەسەل لە پایتەختی پاکستان، ڤانس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی کورتدا رایگەیاند: "ئێمە بە پێشنیازێکی زۆر سادەوە ئێرە جێدەهێڵین، شێوازێکی لێکتێگەیشتن کە باشترین و کۆتا پێشنیازی ئێمەیە. با بزانین ئایا ئێرانییەکان قبووڵی دەکەن یان نا."
جەی دی ڤانس: زۆر بە روونی هێڵە سوورەکانمان دیاری کردووە، کە ئامادەین لەسەر چ شتێک لەگەڵیان رێکبکەوین و لەسەر چ شتێک ئامادە نین، بەڵام ئەوان (ئێران) بڕیاریان داوە مەرجەکانمان قبووڵ نەکەن. pic.twitter.com/HrSwxukWYz
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 12, 2026
جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە ناکۆکییە سەرەکییەکە لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمییە. لە کاتێکدا ئێران جەخت دەکاتەوە کە بەدوای بۆمبی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل لەو جەنگەی لە 28ی شوباتەوە دەستیانپێکرد و هەروەها لە ساڵی رابردووشدا، دامەزراوە هەستیارەکانی ئێرانیان بۆردوومان کرد.
ڤانس گوتی: "راستییە سادەکە ئەوەیە ئێمە پێویستە بەڵێنێکی پشتڕاستکەرەوە ببینین کە ئەوان بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێن و هەروەها بەدوای ئەو ئامرازانەشدا ناگەڕێن کە توانایان پێ دەدەن بە خێرایی ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ڤانس پرسیارێکی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "پرسیارە سادەکە ئەوەیە؛ ئایا ئێمە پابەندبوونێکی بنەڕەتیی ئێرانییەکان دەبینین بۆ ئەوەی چەکی ئەتۆمی دروست نەکەن، نەک تەنیا ئێستا و نەک تەنیا بۆ دوو ساڵی داهاتوو، بەڵکو بۆ مەودایەکی درێژخایەن؟"
ڤانس وەڵامی خۆی دایەوە و گوتی: "تاوەکو ئێستا ئەوەمان نەبینیوە، بەڵام هیوادارین بیبینین."