ترەمپ: ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێ و دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە بنبەست.
 
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی (WABC) لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەکرێ رێگری لە ئێران بکرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گوتی: "100٪ئەوان دەوەستن."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە پەیوەندیدایە و گوتی: "من مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم. ئێمە تۆزە ئەتۆمییەکە دەست دەخەین. من پێی دەڵێم تۆزی ئەتۆمی چونکە ناوێکی گونجاوە و ئێمە دەستی دەخەین."
 
مەبەستی ترەمپ لە تۆزی ئەتۆمی بریتییە لە یۆرانیۆمی پیتێنراو. 
 
سەبارەت بە کاتی گەیشتن بە رێککەوتن، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن پەلەی نییە و گوتی: "ئێمە پەلە لە هیچ شتێک ناکەین، چونکە گەمارۆمان خستووەتە سەریان."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێن کە رایگەیاند ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران "لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردایە" و دوایین پێشنیازی تارانیشی بە "ناپەسند" ناوبرد.
 
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە کۆشکی سپی کە بۆ سی ئێن ئێن قسیان کردووە، ترەمپ بەهۆی شێوازی مامەڵەی ئێرانییەکان لە دانوستاندنەکان بێزار بووە و باس لەوە دەکرێ کە سەرۆکی ئەمریکا جیدیتر لە جاران بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دەکاتەوە.
 
بە گوێرەی سەرچاوەکان، هۆکاری سەرەکیی تووڕەییەکەی ترەمپ بۆ بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمز و هەبوونی جیاوازیی بۆچوون لەنێو سەرکردایەتیی ئێران دەگەڕێتەوە، کە وای کردووە نەتوانن سازشی جیدی لە دۆسیەی ئەتۆمیدا بکەن. 
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە، لەنێو ئیدارەی ترەمپدا دوو بۆچوونی جیاواز هەیە. پێنتاگۆن و بەشێک لە بەرپرسان داوای هێرش دەکەن بۆ سەر پێگەکانی تاران تاوەکو ناچاری بکەن بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام بەشێکی دیکە هێشتا داوای دەرفەتدان بە دیپلۆماسی دەکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان لە رۆڵی پاکستان هەیە وەک نێوەندگیر و پێیان وایە ئیسلامئاباد بە راشکاوی نیگەرانییەکانی ترەمپ ناگەیێنێتە تاران و وێنەیەکی ئەرێنیتر لە راستیی هەڵوێستەکانی ئێران نیشانی واشنتن دەدات.