ترەمپ: گرنگترین شت ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بیر لە دۆخی دارایی ئەمریکا ناکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، سوپای ئێران و کەرەستەی جەنگیی ئەو وڵاتە تێکشکێندراون و دووپاتی دەکاتەوە، پرسی گرنگ بۆ ئەو، رێگریکردنە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ هەڵاوسانی بەرز لە ئەمریکا بە "کورتخایەن" ناودەبات و دەڵێ، رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران دەکات یان "کارەکە تەواو دەکات."
رۆژی سێشەممە 12-05-2026، دۆناڵد ترەمپ لە چەند لێدوانێکی جیاوازدا بۆ رۆژنامەڤانان، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران، ئابووریی ئەمریکا و دانوستاندنەکان خستەڕوو و رایگەیاند، ئامادە نییە لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران سازش بکات.
کاتێک رۆژنامەڤانێک پرسیاری لێکرد، تاچەند دۆخی دارایی ئەمریکییەکان هاندەریەتی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران؟ ترەمپ گوتی، "تەنانەت کەمێکیش نا. تاکە شت کە گرنگ بێت کاتێک باسی ئێران دەکەم، ئەوەیە کە نەتوانن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. من بیر لە دۆخی دارایی ئەمریکییەکان ناکەمەوە... بیر لە یەک شت دەکەمەوە، ناکرێ رێگە بە ئێران بدرێ چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەر ئەوەندە."
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، 85٪ـی ئەمریکییەکان لە راپرسییەکدا پشتیوانیی ئەوەیان کردووە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتیشی: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەموو جیهان دەکەوێتە کێشەوە، چونکە ئەوان شێتن. ئەوان نابنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە دۆخی سەربازیی ئێران، ترەمپ رایگەیاند، هێزەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێندراون و رایگەیاند: "ئەوان لە رووی سەربازییەوە تێکشکاون." ترەمپ گوتی: "یان شتە راستەکە دەکەن یان ئەرکەکە تەواو دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دەتوانێت ئێستا لە جەنگەکە بکشێتەوە، بەڵام ئەوەی ناوێ و دەیەوێ "کارەکە بە تەواوی کۆتایی پێبهێنێت."
ترەمپ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکای، کە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو، بە کاتی ناوبرد و گوتی: "هەڵاوسانەکەمان کورتخایەنە." ترەمپ پێشبینیی کرد رێژەکە بۆ 1.5٪ دابەزێ و گوتی: "هەر کە ئەم جەنگە کۆتایی هات، کە درێژە ناکێشێت، دەبینن نرخی نەوت دادەبەزێ."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "کاتێک کۆتایی دێت، دابەزینێکی گەورە لە نرخی نەوتدا دەبینن." ترەمپ گوتیشی، ئەگەر بازاڕی پشکەکان کەمێک بەرز و نزم بکات، خەڵکی ئەمریکا دەتوانن لەوە تێبگەن.
سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی دیکە لە دانوستاندنەکاندا، ترەمپ رایگەیاند، لە لووتکەی پەکین "گفتوگۆیەکی درێژ" لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لەبارەی ئێرانەوە دەکات. ترەمپ گوتی: "پێموایە ئەو [سەرۆکی چین] تاڕادەیەک باش بووە،" بەڵام گوتیشی، "پێموانییە پێویستمان بە یارمەتیی سەرۆکی چین بێت سەبارەت بە ئێران."
ترەمپ ستایشی پاکستانییەکانی کرد وەک نێوەندگیر و گوتی: "ئەوان نایاب بوون، سوپاسالار و سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە تەواوی نایاب بوون."
سەبارەت بە ناتۆ، ترەمپ نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: "ناتۆ هیوابڕاوی کردم و پێویستمان بە یارمەتیی ئەوان نییە."
ترەمپ دووپاتیکردەوە، تەنیا بەدوای "رێککەوتنێکی باش"ـدا دەگەڕێ و گوتی: "پێموانییە پێویستمان بە هیچ یارمەتییەک بێت سەبارەت بە ئێران. ئێمە بە رێگەیەک لە رێگەکان سەردەکەوین، ئینجا بە ئاشتی بێت یان بە شێوەیەکی دیکە."