یەکێتیی ئەورووپا کار بۆ فراوانکردنی ئەرکە دەریاییەکانی بۆ تەنگەی هورمز دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران، رەنگە یەکێتییەکە ئەرکە دەریاییەکانی لە دەریای سوورەوە بۆ تەنگەی هورمز فراوان بکات، بە مەبەستی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی کەشتییەکان.
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، کایا کالاس دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "ئۆپەراسیۆنی ئەسپیدێس ئێستا بەشدارییەکی گرنگ دەکات لە پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سوور، بەڵام دەکرێ چالاکییەکانی بۆ تەنگەی هورمزیش فراوان بکرێن."
 
کالاس ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە بەڵێنیان داوە کەشتیی زیاتر بۆ ئەرکە دەریاییەکە دابین بکەن، ئەمەش هاوکار دەبێت، ئەگەر بڕیاری فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنەکە بدرێ.
 
ئەم هەنگاوەی ئەورووپا لەکاتێکدایە کە کیشوەرەکە بەدەست لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێرانەوە دەناڵێنێت و هەوڵ دەدات رۆڵێکی هەبێت لە ئاساییکردنەوەی رێڕەوی کەشتیوانی دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە.
 
فەرەنسا و بەریتانیا سەرکردایەتی گفتوگۆکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەوڵێکی دەریایی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا.
 
ئەم پێشنیازە لەکاتێکدایە، پێشتر و لە مانگی ئاداردا وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا داوای فراوانکردنی ئەرکی دەریای سووریان رەتکردبووەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکان گۆڕانکاری لە هەڵوێستیاندا دروستبووە.
 
داخرانی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە پێنجیەکی نەوت و گازی سرووشتیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ، بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی وزە لە جیهاندا. گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان گەیشتوونەتە بنبەست.
 
یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2024دا ئۆپەراسیۆنی (ئەسپیدێس)ـی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەستپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی حووسییەکان لە یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان کرد.