سوێد 'لایەنگرێکی پەکەکە' رادەستی تورکیا دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دادی سوێد رایگەیاند، حکومەتەکەیان رازی بووە کە هاووڵاتییەکی کورد، رادەستی تورکیا بکاتەوە؛ هاووڵاتییە کوردەکە، خۆی بە لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ناساندووە و لە تورکیا بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، بە زیاتر لە چوار ساڵ زیندانیکردنی سزادراوە. 
 
رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، ئەشرەف ئەحمەد، کە بەرپرسێکی باڵایە لە وەزارەتی دادی سوێد بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئەمڕۆ حکومەتی سوێد بڕیاری دا بە ناردنەوەی هاووڵاتییەک کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکیایە و بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە تورکیا بۆ ماوەی چوار ساڵ و حەوت مانگ سزادراوە." 
 
بەگوێرەی دادگەی باڵای سوێد، ئەو کەسەی بڕیاری رادەستکردنی بۆ دەرکراوە تەمەنی 35 ساڵە و لە ساڵی 2014دا بە تۆمەتی ئەوەی 'جانتایەکی پێ بووە کە مادەی هۆشبەری لە نێودابووە' لە تورکیا سزای چوار ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرابوو.
 
ئەو کەسە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە و بۆ میدیاکانی سوێد قسەی کردووە دەڵێت: "بەهۆی پاڵپشتیکردنم لە پەکەکە، لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە کراومەتە ئامانج."
 
رادەستکردنەوەی لایەنگرانی پەکەکە، یەکێکە لەو مەرجانەی کە تورکیا بۆ پەسندکردنی داواکاری ئەندامیێتی سوێد لە رێکخراوی ناتۆ، بەسەر ستۆکهۆڵمیدا سەپاندووە. 
 
سوێد دەیەوێت، پێش کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ کە رۆژی 11ـی تەممووزی ئەمساڵ لە ڤێڵنیاس کە لە لیتوانیا بەڕێوەدەچێت، ئەنقەرە ئەندامێتییەکەی لە ناتۆ پەسند بکات.
 
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
 
تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند، ئامادەیە داواکاریی فینلاند و سوێد پەسند بکات بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکاتەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.
 
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.