لە تێکشکانی فڕۆکەکەی هیندستان یەک کەس رزگاری بوو
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی شاری ئەحمەد ئاباد لە هیندستان دەڵێت، لە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر کە بەرەو لەندەن بەڕێوەبوو، لەکۆی 242 سەرنشینی، 241 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
فڕۆکەکە لەکاتی کەوتنەخوارەوە، بەر چەند باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە، باڵاخانەیەکیان بەشی ناوخۆیی چەند پزیشکێک و خێزانەکانیان بووە.
تەنیا رزگاربووی نێو فڕۆکەکە هاووڵاتییەکی بەریتانییە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
پزیشکێک بە ناوی کریشنا، کە نەیویستووە ناوی تەواوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "نیوەی فڕۆکەکە خۆی کێشا بەو باڵەخانە نیشتەجێبوونەی کە پزیشکان و خێزانەکانیان تێیدا دەژیان." هەروەها گوتیشی: "بەشی پێشەوە و تایەی پێشەوەی فڕۆکەکە بەر باڵەخانەی کافتریای زانکۆکە کەوتن، کە خوێندکاران خەریکی نانخواردنی نیوەڕۆ بوون."
کریشنا دەڵێت، "نزیکەی 15 بۆ 20 تەرمی سووتاوی" بینیوە و لەگەڵ هاوکارەکانیدا نزیکەی 15 خوێندکاریان رزگار کردووە.
هێڵی ئاسمانیی هیندستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هەموو هەوڵەکانمان ئێستا لەپێناو ئەوەیە کە چی پێویستە بۆ کەسوکار و خێزانی قوربانییەکان بیکەین."
هەروەها دەڵێن، دەرگەیان کراوەیە و هاوکاریی تەواوی تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە بنج و بنەوانی رووداوەکە و هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دوای رووداوەکە رایگەیاند: "کارەساتەکەی ئەحمەد ئاباد تووشی شۆک و خەمی کردین. دڵتەزێنترە لەوەی بە وشە دەرببڕدرێت."
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، دیمەنەکانی رووداوەکە "وێرانکەرن"، شا چارڵزی سێیەمیش رایگەیاند،"زۆر شۆک" بووە.
هێڵی ئاسمانیی وڵاتەکە پێشتر ناسنامەی سەرنشینانی ئاشکرا کردبوو. بە گوێرەی هێڵەکە 169 کەس هیند، 53 بەریتانی، 7 پۆرتوگالی و یەکێکیشیان کەنەدی بووە. هەروەها 12ـیان تیمی فڕۆکەوانیی بوون. فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی هیندستان (Air India) بوو و لە جۆری بۆینگ 787-8 دریملاینەرە.
کۆمپانیاکە رایگەیاند، فڕۆکەکە بەرەو فڕۆکەخانەی گاتویکی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێکەوتووە و لەوکاتەدا کەوتووەتە خوارەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانیی شارستانی دەڵێت، گەشتی ژمارە 171ـی هێڵی ئاسمانیی هیندستان (Air India) بانگەوازی فریاکەوتنی (mayday) کردووە و "دەستبەجێ دوای فڕین" لە نزیک کاژێر 01:40ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ (11:10 بەیانی بەکاتی هەولێر) کەوتووەتە خوارەوە.
فڕۆکەکە خۆی کێشاوە بە باڵەخانەیەکدا لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی قەرەباڵخی ئەحمەدئاباد، کە شارێکە نزیکەی هەشت ملیۆن کەسی تێدا دەژی.
دانیشتوویەکی ناوچەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "بینیمان خەڵک لە نهۆمی دووەم و سێیەمی باڵەخانەکەوە خۆیان فڕێدەدایە خوارەوە بۆ ئەوەی خۆیان رزگار بکەن. فڕۆکەکە گڕی گرتبوو."
فەرماندەیەکی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، "وا دیارە هیچ کەسێک رزگاری نەبووبێت" و چاوەڕێی "قوربانیی زیاتر" دەکەن، چونکە فڕۆکەکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبووندا کەوتووەتە خوارەوە.
وەزارەتی فڕۆکەوانیی هیندستان هەموو ئاژانسەکانی فڕۆکەوانی و فریاگوزاریی راسپاردووە "بۆ گرتنەبەری رێکاری خێرا". فڕۆکەخانەکە داخراوە و هەموو گەشتەکان تاوەکو ماوەیەکی نادیار راگیراون.
ناتاراجان چاندراسیکاران، سەرۆکی هێڵە ئاسمانییەکە رایگەیاند، سەنتەرێکی فریاکەوتن کاراکراوە و تیمێکی پشتیوانیش بۆ ئەو خێزانانە پێکهێنراوە کە بەدوای زانیاریدا دەگەڕێن.
کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی رایگەیاند، کار بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر دەکەن لەبارەی رووداوەکەوە و ئامادەن هاوکاریی هێڵی ئاسمانیی هیندستان بکەن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکە رایگەیاند، ئەمە یەکەمجارە فڕۆکەیەکی جۆری 787 دریملاینەر دەکەوێتە خوارەوە.
کەرتی فڕۆکەوانی لە هیندستان لە ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەهۆی گەشەی ئابوورییەوە، هیندستان بووەتە چوارەم گەورەترین بازاڕی هاتوچۆی ئاسمانی لە جیهاندا و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دەیەی داهاتوودا ببێتە سێیەم گەورەترین بازاڕ.