ئەمریکا بۆ وڵاتان: هەنگاوی دژ بە ئیسرائیل دژی ئەمریکاشە

رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی ئەمریکا برووسکەیەک بۆ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرێت و دەڵێت: هەر هەنگاوێک دژی ئیسرائیل بنێن، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاشە.
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە بەشداری زۆربەی وڵاتان کۆببێتەوە کە ئامانج لێی، تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتنە بە "چارەسەری دوو دەوڵەتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین."
 
ئەمریکا لە برووسکە دیپلۆماسییەکەیدا، کە رۆژی 10ی حوزەیران ناردوویەتی، هۆشداریی دەداتە وڵاتان لەبارەی بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە و دەڵێت: "هەر وڵاتێک دوای کۆنفرانسەکە هەنگاوی دژ بە ئیسرائیل بنێت، بە کارێکی دژ بە بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەژمار دەکرێت و رەنگە لەلایەن واشنتنەوە رووبەڕووی لێکەوتەی دیپلۆماسی ببێتەوە."  
 
ئاژانسی رۆیتەرز کە دەقی برووسکەیەکی دەستکەوتووە دەڵێت، ئەو هەنگاوە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەیە کە فەرەنسا و سعودیە سەرکردایەتی دەکەن، کە میوانداریی کۆنفرانسی نیویۆرک دەکەن بەمەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی، لەگەڵ مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل.
 
برووسكەكە هۆشداری دەدات کە بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لاواز دەکات.
 
هەروەها دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکان دژایەتیی هەر هەنگاوێک دەکات کە ببێتە هۆی دانپێدانانی تاکلایەنە بە دەوڵەتێکی گریمانەیی فەڵەستینیدا، چونکە ئەمە کۆسپ و ئاستەنگی گەورەی یاسایی و سیاسی بۆ چارەسەری کۆتایی ململانێکە زیاد دەکات.
 
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە کە گوشارەکانی ئەورووپا بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا زیاد دەکەن. سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی رەنگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت لەسەر ئەو خاکانەی ئیسرائیل داگیری کردوون.
 
ئەمە یەکەمجار نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگری دەکات لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی "کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل" لە کەرتی غەززە، چونکە چەندینجار مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەکارهێناوە، دوایینیان لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو کە لە سەرەتای ئەم مانگی حوزەیراندا بەڕێوەچوو، بۆ داواکردنی راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی و بێمەرجی شەڕ و، هەڵگرتنی دەستبەجێ و بێمەرجی سەرجەم ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.