وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا: تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپا بۆ سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێ، دانوستاندنەکان بە پشتیوانیی ئەمریکا و حکومەتی وڵاتەکەی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا بەردەوامن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هەنگاوە "گرنگییەکی چارەنووسساز"ـی بۆ سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە هەیە.
رۆژی سێشەممە، 12ی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەک لە کۆنفرانسی پاریس بۆ سووریا لە شوباتی رابردوودا بەڵێنیان داوە، فەرەنسا "بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پرۆسەیەکی راگوزەری ئاشتییانە کە رێگەخۆشکەر بێ بۆ بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، خاوەن سەروەری، سەقامگیر و گشتگیر کە بە تەواوی لەگەڵ ژینگە هەرێمییەکەیدا بگونجێ."
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئێمە و هاوبەشە ئەمریکییەکانمان لە گفتوگۆیەکی بەردەوامداین لەگەڵ نوێنەرانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و دەسەڵاتدارانی قۆناخی راگوزەر. بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ لێکنزیککردنەوەی هەڵوێستەکان."
راگەیێندراوەکە دەڵێ: "تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا گرنگییەکی چارەنووسسازی بۆ سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە و شەڕی دژی تیرۆریش هەیە."
لە 10ی ئاداری ئەم ساڵ، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا واژۆ کرد، بەڵام دوای چەند گەڕێکی گفتوگۆ هێشتا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە.
لە 25ـی مانگی رابردوودا فەرەنسا رایگەیاند، لە پاریس میوانداری گەڕی داهاتووی گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکەن.
بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە حکومەتی سووریا "هەڵوێستی تووند"ـی خۆی بەرامبەر بەو کۆنفرانسەی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەسەکە رێکخرا، راگەیاند و بە "گورزێکی"ـی راستەوخۆ لە هەوڵەکانی دانوستاندن ناوی برد.
حکومەتی سووریا رەتیدەکاتەوە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک لە پاریس بکات و داوای گواستنەوەی سەرجەم گفتوگۆکان بۆ دیمەشق دەکات.