لاڤرۆڤ و روبیۆ تاوتوێی ئامادەکارییەکانی لووتکەی ئەلاسکا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی کردووە و لووتکەی نێوان ئەمریکا و رووسیایان لە ویلایەتی ئەلاسکا تاوتوێ کردووە.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆی هاوتا ئەمریکییەکەی کردووە، ئەوەش بە مەبەستی باسکردنی ئامادەکارییەکانی لووتکەی نێوان ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ئەلاسکا کە بڕیارە رۆژی هەینی 15ی ئاب بەڕێوەبچێ.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەکردووە، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەک و لووتکەیەکی سەرکەوتوو دووپاتکردووەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێ لە لووتکەی ئەلاسکادا سەرنجی سەرەکی لەسەر جەنگی سێ ساڵ و نیوەی ئۆکراینا و ئاگربەست بێت.
هەر لەبارەی لووتکەی ئەلاسکاوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، بەڕێوەچوونی ئەو لووتکەیە و رازیبوونی ترەمپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین "سەرکەوتنێکی کەسییە" بۆ پووتین و گوتیشی: "یەکەم، پووتین لە خاکی ئەمریکا کۆبوونەوەکە دەکات کە بە سەرکەوتنی کەسی دایدەنێم. دووەم، پووتین لە گۆشەگیری دەردەچێ، چونکە لە خاکی ئەمریکا کۆبوونەوەکە دەکات. سێیەم، بەم دیدارە، پووتین بە جۆرێک لە جۆرەکان سزاکانی سەر وڵاتەکەی دوادەخات."
لەبارەی سازشکردنی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر خاک وەک دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، سەرۆکی ئۆکراینا رەتیکردەوە سازش لەسەر خاکی خۆیان بکەن و گوتی: "ئێمە لە دۆنباس ناکشێینەوە. ئەگەر ئەمڕۆ لە دۆنباس بکشێینەوە، بەتایبەت لەو بەرزاییانەی کۆنترۆڵمان کردوون، ئەوا بە روونی رێگە بۆ رووسەکان خۆش دەکەین پردێکی سەربازی بۆ ئامادەکردنی هێرشێکی نوێ بکەن."