رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی ژنە کوردە ئێزدییەکە دەکات

رووداو- هەولێر 

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئەو ژنە کوردە ئێزدیە رزگار بکات کە نزیکەی دوو ساڵە دەستگیرکراوە و تاکو ئێستاش دادگایی نەکراوە. 

ئەو ژنە تەمەن 34 ساڵە ناوی باسمە دەروێشە و لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 بە تۆمەتی یارمەتیدانی گرووپی تیرۆریستی داعش دەستگیرکرا، ئەوەش لە کاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی زومماردا.

 فلیپ لوسەر، بەرپرسی لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند "هێشتنەوەی ئەو ژنە بە بێ دادگاییکردن نایاساییە. دەبێت بەرپرسان یان باسمە بە ئەنجامدانی تاوانێک تاوانبار بکەن یان ئازادی بکەن". 

لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی زوومماردا پۆلێک پێشمەرگە لەو خانووە نزیک بوونەوە کە باسمەی تێدابوو، بەڵام لە ئەنجامی تەقەی چەکدارانی داعش سێ پێشمەرگە شەهید بوون.

بەرپرسی لێکۆڵینەوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند کاتێک پێشمەرگەکان گەیشتبوونە نزیک خانووەکە، باسمە رایگەیاندبوو هیچ چەکدارێکی داعش لەو خانووەدا نیە بەڵام راستی نەگوتبوو و ژمارەیەک چەکداری داعش لە ناو خانووەکە خۆیان حەشاردابوو. 

بەرپرسی لێکۆڵینەوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان گوتیشی: "باسمە بووەتە کەسێکی رادیکاڵ و بەدەستی ئەنقەستیش فێڵی لە هێزەکانی پێشمەرگە کردبوو و ئێستاش بە بەپێی یاسای دژەتیرۆر دەستگیرکراوە و کەیسەکەشی رەوانەی دادگا کراوە".