هواوی مۆبایلێکی نوێی 5G دەخاتەڕوو؛ توانای پەیوەندیکردنی لە رێگەی مانگی دەستکردەوە هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

هواوی مۆبایلێکی نوێ رادەگەیێنێت کە چاوەڕواندەکرێت ببێتە رکابەرێکی بەهێزی ئایفۆن، بە تایبەتیش لە چین. 
 
دوای ئەوەی کە کۆتایی مانگی رابردوو، Mate 60 Proی راگەیاند، کۆمپانیا چینییەکە بە نیازە مۆبایلی Mate 60 Pro+ بخاتەڕوو کە مۆبایلێکی 5G دەبێت. 
 
هەردوو مۆبایلە چینییەکە سەرنجێکی زۆریان بۆ خۆیان راکێشاوە لەبەر ئەوەی چیپی Kirin 5Gیان تێدایە کە لە لایەن SMIC، گەورەترین کۆمپانیای چینی دروستکراوە. 
 
چیپەکە لە ژێر چاودێریی تووندی ئەمریکادایە، چونکە ئەمریکا کۆتوبەندی خستووەتە سەر کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی دەستی بە نوێترین چیپەکان نەگات. 
 
کەی دەخرێتە بازاڕەوە؟
 
Mate 60 Pro+ رۆژی 9ی تشرینی یەکەم دەخرێتە بازاڕەکانەوە. هەینی رابردوو، هواوی رایگەیاند کە دەستیکردووە بە وەرگرتنی داواکاریی کڕینی پێشوەختە. 
 
Mate 60 Pro و Mate 60 Pro+ توانای ئەوە بە بەکارهێنەر دەدەن کە لە رێگەی مانگی دەستکردەوە، بتوانێت پەیوەندی بکات و نامە بنێرێت. Mate 60 Pro+ لە یەک کاتدا، لەگەڵ دوو مانگی دەستکرد لە پەیوەندیدا دەبێت. 
 
بیرگە (میمۆری) و رام
 
Mate 60 Pro+ رامەکەی 16 گێگابایت دەبێت و بە دوو بیرگەی 512 گێگابایت و 1 تێرابایت بەردەست دەبێت. 
 
پڕۆسێسەری نوێ
 
دوو مۆبایلی پێشووی هواوی، زنجیرەی Mate 50ی پار و P60ی ئەمساڵ، چیپی Snapdragon 8+ Gen 1یان هەبوو کە لە لایەن کۆمپانیای کواڵکەمی ئەمریکییەوە دروستکراون. 
 
بەهۆی کۆتوبەندەکانی ئەمریکا، ئەو چیپانە دەستکاریکرابوون بۆ ئەوەی نەتوانن کار بە تۆڕەکانی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم (5G) بکەن. ئەو مۆبایلانە تەنیا بە بەکارهێنانی کەڤەری دروستکراوی لایەنی سێیەم دەیانتوانی ئاماژەی 5G وەرگرن. بەڵام هەردوو موبایلی Mate 60 Pro+ و Mate 60 Pro بەهۆی چیپە نوێیەکەی هواوییەوە پێویستیان بەو کەڤەرانە نابێت.
 
حکومەتی ئەمریکا دەڵێت لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە چۆن هواوی توانیویەتی رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە کۆتوبەندەکانی ئەمریکا لابدات کە ناردنی چیپ بۆ کۆمپانیا چینییەکە قەدەخە دەکەن. 
 
کۆتوبەندەکانی ئەمریکا هەروەها پێشتر هواوییان ناچارکرد کە سیستمێکی کارپێکردنی تایبەت بە خۆی دروستبکات کە ئەویش HarmonyOSـە بۆ ئەوەی شوێنی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵی پێ پڕبکاتەوە. 
 
پاتری 
 
پاتریی Mate 60 Pro+ پێنج هەزار میللی ئەمپێر دەبێت کە توانای بارگاویکردنی 88 واتی لە رێگەی کێبڵ و بارگاویکردنی 50 واتی بێتەلی هەیە. هەروەها مۆبایلەکە دەتوانێت بە توانای 20 واتی ئامێرەکانی دیکە بارگاوی بکاتەوە. 
 
کامێرا
 
Mate 60 Pro+ سێ کامێرای لە پشتەوە دەبێت. سەرەکییەکەیان 48 مێگاپێکسڵ دەبێت، کامێرایێکی دیکەشی هاوێنە فراوانی 40 مێگا پێکسڵ و یەکێکی دیکەی ئەڵترا ماکرۆ تەلەفۆتۆی 48 مێگا پێکسڵی هەیە. کامێرای پێشەوەشی 13 مێگا پێکسڵ دەبێت. 
 
نرخەکەی چەند دەبێت؟
 
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، نرخی Mate 60 Pro+ لە هەزار و 231 دۆلارەوە دەستپێدەکات.