ژاپۆن نرخی کڕینی نەوتی رووسیای نزیکەی 13 دۆلار دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
ژاپۆن بڕیاری دا سەقفی نرخی نەوتی خاوی رووسی لە 60 دۆلارەوە بۆ 47.60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزێنێت. بڕیارەکەش لە ئەمڕۆ هەینییەوە کاری پێدەکرێت.
گوتەبێژێکی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی سزادانی مۆسکۆیە لەسەر بەردەوامبوونی لە شەڕی ئۆکرانیا.
ئەم بڕیارەی ژاپۆن دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی یەکێتیی ئەورووپا دێت لە مانگی تەممووزدا، کە ئەویش سەقفی نرخی نەوتی رووسی بۆ 47.60 دۆلار دابەزاندبوو، ئەوەش وەک بەشێک لە 18هەمین پاکێجی سزاکانی دژی مۆسکۆ.
بڕیارەکە بەو واتایە دێت ژاپۆن هاوشێوەی ئەورووپا، لە 47.60 دۆلار زیاتر نادات لە بەرامبەر هاوردەکردنی هەر بەرمیلێک نەوتی رووسیا. مەبەستی سەرەکیی بڕیارەکەی ژاپۆن و ئەورووپاش، کەمکردنەوەی داهاتی رووسیایە بۆ ئەوەی ببێتە گوشارێک تاوەکو شەڕی ئۆکراینا بوەستێت.
یۆشیماسا هایاشی، سکرتێری گشتی کابینەی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ژاپۆن سزای دیکەی سڕکردنی سامان و کۆنترۆڵی هەناردەکردن بەسەر رووسیا و وڵاتانی دیکەدا دەسەپێنێت بۆ ئەوەی هاوبەشی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکرانیا.
بەڵام، بەرپرسێک لە وەزارەتی پیشەسازی ژاپۆن رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بڕیارەکەی ژاپۆن هیچ کاریگەرییەکی راستەقینەی لەسەر دابینکردنی نەوتی خاو بۆ ژاپۆن نەبێت.
تۆکیۆ لەگەڵ وڵاتانی دیکەی گرووپی حەوت (G7) رێککەوتووە لەسەر کەمکردنەوەی قۆناخ بە قۆناخی هاوردەکردنی نەوتی رووسییا
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی ژاپۆن، ئەو وڵاتە لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو تەممووزی ئەم ساڵ 599,413 بەرمیل نەوتی خاوی لە رووسیاوە هاوردەکردووە. بەوەش رووسیا تەنیا 0.1٪ـی پێویستیی نەوتیی ژاپۆن دابیندەکات.